مەتران زاخۆ و ئامێدی سەردانی پۆڵۆنیا دەکات

مەتران زاخۆ و ئامێدی سەردانی پۆڵۆنیا دەکات



ڕۆژانی ٢٤ی یەنایەر تاکو ٣ی فبرایەری ٢٠١٧ مەترانی زاخۆ و ئامێدی ڕەببان سەردانی وڵاتی پۆڵۆنیای کرد (لەو ماوەیەش ٣ ڕۆژ سەردانی ئیتاڵیای کرد). نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ھاوکاریی مەترانی کرد لە ڕێکخستنی سەردانی بۆ پۆڵۆنیا و ئەنجام دانی چاوپێکەوتن و دیدار. لە ڕێکخستنی دیدارەکان قەشەی پۆڵۆنی داریوش سمۆلێنسکی Dariusz Smoleński ھاوکاری پێشکەش کرد.



مەتران سەردانەکەی خۆی بە ئەنجام دانی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەت دەست پێکرد لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە پۆڵۆنیا. لە دیدارەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ھەموو ئەو ھەوڵ و چاڵاکییانەی کرد کە نوێنەرایەتی لە پۆڵۆنیا پێی ھەستاوە بۆ ھاوکاری کردنی ئاوارەکان، لەوانەش ئاوارە کریستیانەکان لە کوردستان. ھەروەھا مەترانی بانگھێشت کرد بۆ ئەو چاڵاکییانەی کە نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخی خستبوو، لەوانە بەشداری کردن لە دیداری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.



٢٥ی یەنایەر مەتران ڕەببان میوانی فەخری نوسینگەی نوێنەرایەتی بوو لە پۆڵۆنیا لە میانەی دیداری جەژنانە لەگەڵ ڕێخکراو و دەزگا خێرخوازییەکان و ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە کۆمەک کردنی ئاوارەکان لە کوردستان. ھەندێک لە نوێنەرانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان پێشتر لە کوردستان دەرفەتیان ببوو چاویان پێی بکەوێت و لە نزیکەوە ببینن کە چ ھەوڵێک دەدات بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان لە کوردستان. ناوبراو سوپاسی ھەموو لایەکی کرد کە دەستیان ھەبووە لە کۆکردنەوە و ناردنی کۆمەکی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی دا کە کوردستان ناوچەیەکی بێ ھاوتایە، تیایدا نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز بە ئاشتەوایی لەگەڵ یەکتر دەژین. مەتران ڕەببان ڕۆڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بەرزنرخاند، کە ئاوارە کریستیانەکان و ئایینەکانی تریان لەخۆ گرتووە و ھاوکارییان دەکەن. ھەروەھا سەرەنجی دا کە پێویستە بەردەوام ھاوکاری ئاوارەکان بدرێت تاکو ھەوڵی کۆچ کردن بەرەو ئەوڕوپا نەدەن، بەڵکو لە کوردستان بمێننەوە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی بپارێزن. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە کوردستان بە ھۆی ئەو ئارامی و ئاساییش و لێبوردەییەی ھەیەتی لە ناوچەکە، شایانی ئەوەیە سەربەخۆ بێت. مەتران ئاماژەی دا کە لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی ژێر دەستی داعش وەک چۆن ھاوکاری مرۆیی پێویستە، ئاواش ھاوکاری پەروەردەیی پێویستە، بۆ پاک کردنەوەی خەڵک لە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعش، دووبارە بونیاد نانەوەی یەکێتی و متمانە لە نێوان تاکەکان.



ڕۆژی دواتر ناوبراو چاوی کەوت بە کاردیناڵ ستانیسلاڤ نیچ Stanisław Nycz مەترانی شاری وارشۆ، کە تیایدا نوێنەری حکومەتیش لە پۆڵۆنیا بەشداربوو. کاردیناڵ ستانیسلاڤ نیچ زۆر بە بایەخەوە بۆ بارودۆخی کوردستانی ڕووانی، بە تایبەتی چارەنوسی کریستیانەکان. لە وەڵامدا مەتران ڕەببان بەشێوەیەکی وورد چارەنوسی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردووی کریستیانەکانی لە کوردستان عێڕاق خستەڕوو. ئاماژەی دا کە شەپۆڵی ئاوارە کریستیانەکان لە عێڕاقەوە بۆ کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستی پێکردووە. مەتران ڕەببان ڕۆڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بەرزنرخاند، کە بانگی کریستیانەکانیان کرد و ماڵ و شوێنی ژیان و ئاساییشیان بۆ دابین کردن. مەتران ڕەببان سەرەنجی دا کە کوردستان مێرگی ئاشتی و ئارامییە کە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان پێکەوە دەژین. لەبەر ئەوە کوردستان شایانی سەربەخۆییە و پێویستە لە عێڕاق جیابێتەوە.



لە لایەکی تر لە وەڵامی پرسیاری کاردیناڵ نیچ دەربارەی چۆنیەتی ھاوکاری کردنی کریستیانەکان کە ئێستا ئاوارەی کوردستان بوونە، مەتران ڕەببان گوتی: ڕۆڵی گرنگی کڵێسای ئەوڕوپا پێویستە دەست گرتن بێت بە ڕۆحی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دووپات بکرێتەوە کە لەیاد نەکراوە. مەتران ڕەببان بانگھێشتی کاردیناڵ ستانیسلاڤ نیچ-ی کرد بۆ سەردانی کردنی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی یاوەری، لەوەدا کاردیناڵ بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی دایەوە.



بەشی دووەمی سەردانەکی مەتران ڕەببان لە ھەرێمی مالۆپۆڵسکا بوو لە شاری کڕاکۆڤ. ڕۆژی ٣١ی یەنایەر لەسەر بانگھێشتی نوسینگەی نوێنەرایەتی بەشداری کرد وەکو میوانی فەخری لە بۆنەیەک بەناوی "ڕۆژی ئیسلام لە کڵێسای کاتۆلیکی". لەگەڵ مەترانی کڕاکۆڤ قەشە گژێگۆژ ڕیش Grzegorz Ryś مەتران ڕەببان نوێژێکی بەکۆمەڵیان سازکرد، دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ھەڵمەتی مرۆیی پۆڵۆنیا خاتوو یانینا ئۆخۆیسکا Janina Ochojska بەشداریی کرد لە پانێڵێکی وتووێژ بەناوی "ئایا موسوڵمان دەبێتە برای من؟" مەتران ڕەببان لە وتووێژەکە ئاماژەی دا کە ھەرێمی کوردستان مێرگی پێکەوە ژیان و ئاشتیە، تیایادا ھەموو ئایینە جیاوازەکان و نەتەوەکان پێکەوە دەژین. موسوڵمانان و کریستیانەکان بەڕاستی وەکو برا دەژین". ھەروەھا سەرەنجی دا کە لە کوردستان ھاوکاری ھەموو لێقەوماوێک دەکا بە بێ ڕەچاوکردنی ئایین و نەتەوە.



ھەروەھا مەتران ڕەببان سەردانی کامپی کۆمەڵکوژی ئاوشفیتز-بیرکێناو کرد، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ بەشداری کرد لە خوانێکی ئێوارە کە لە لایەن زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتەوە ڕێکخرابوو، تیایدا دەستەی دیپلۆماتی و دەسەڵاتدارانی ھەرێمی مالۆپۆڵسکا و شاری کڕاکۆڤ بەشدارییان کرد. ئەوەش بۆ مەتران ڕەببان دەرفەتێکی تر بوو بۆ ناسینی میوانەکان و قسەکردن لەبارەی بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.



٢ی فبرایەر مەتران بەیاوەری نوێنەری حکومەت بەشداری کرد لە دوو دیداری تر. یەکەمیان لەگەڵ مەترانی شاری کڕاکۆڤ مارێک یەندراشێڤسکی Marek Jędraszewski و دواتر لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی پاپا جۆن پاوڵی دووەم پرۆفیسۆر ڤۆیچێک زیزاک Wojciech Zyzak. لە کاتی دیدارەکە لەگەڵ مەترانی کڕاکۆڤ بۆ جارێکی تر پرسی بارودۆخی کریستیانەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان خرایەوە بەر باس. مەتران ڕەببان بانگھێشتی مەترانی شاری کڕاکۆڤی کرد بۆ سەردانی کردنی کوردستان تاکو بیری ئاوارە کریستیانەکان بھێنێتەوە کە کڵێسای ئەوڕوپا ئەوانی لەیاد نەکردووە. لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی جۆن پاوڵی دووەم، مەتران ڕەببان ئاماژەی دا بە بێ ھاوتایی ھەرێمی کوردستان – وەکو تاکە شوێنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە تیایدا زانکۆی کاتۆلیکی تێدایە. مەتران ڕەببان ئاماژەی دا کە زانکۆی ناوبراو ئارەزوو دەکات ھاریکاری ھەبێت لەگەڵ ھاوتا ئەوڕوپییەکانی. سەرۆکی زانکۆی جۆن پاوڵی دووەم ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ ھاریکاری لە نێوان ھەردوو زانکۆکە.



مەتران ڕەببان لە ماوەی مانەوەی لە پۆڵۆنیا چەند دیدار و دیمانەیەکی ئەنجام دا لەوانە بۆ ڕۆژنامەی "Rzeczpospolita” (ھەروەھا کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئینتەرنێتی ھەمان ڕۆژنامە) و "Nasz Dziennik” و "Radio Maryja” و ھەروەھا کەناڵی تەلەڤزیۆنی Republika و تەلەڤزیۆنی Trwam. لە ھەموو دیمانەکان باسی بارودۆخی سەختی ئاوارەکان و کریستیانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەروەھا ئاساییش و ئاشتەوایی ھەرێمی کوردستان کرد.
payamner-
Top