کوردستانیان: وڵاتانی جیهان گرینگی بە دیپلۆماسیی سەرۆک بارزانی و هەرێمی كوردستان دەدەن
مامۆستا (جەبار موسلیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''داوا دەكەین لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم بكەن، چونكە لە 100 ساڵی ڕابردوودا، دەرفەتی لەم شێوەیە بۆ گەلی كورد نەهاتووەتە پێشەوە و، دەبێت كورد ئەم دەرفەتە لە دەست نەدات و هەرچی زووە بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات.''
ئەو مامۆستایە گوتی: ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ ئەوەی گەلی كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، پشتگیری لە پەیامی سەرۆكی هەرێم بكەن، چونكە ئەوە دەرفەتێكە بۆ كورد هاتووەتە پێش و دووبارە نابێتەوە. وەك مامۆستایەكی زانكۆ پێموایە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان، زۆربەی وڵاتان پشتگیری لە خەڵكی كوردستان دەكەن. بەڵام بۆ ئەوەی ڕاپرسی بكرێت، پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم یەكدەنگ بن، نەك ئەوەی ئێستا دەبینین هەندێك لایەن لەنێو خۆیاندا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نین و پشتگیری لە پەیام و هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم ناكەن، ئەوە بە زەرەری ئەوان و میللەتی كوردیش تەواو دەبێت.
فەرمانبەر (خدر فەریق) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''لەو باوەڕەدامە هەموو تاكێكی كورد لەگەڵ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستاندایە، بۆیە مافی هەرێمی كوردستانە سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەلوێست بن. لەو بڕوایەدامە، ئەگەر لایەنەكان یەك بن، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بەرامبەر بە كورد ڕابوەستێت.''
هاووڵاتی (سادق نەعمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''(سەرۆك بارزانی) بۆ هەموو جیهانی سەڵماند، كە كورد كاراكتەرێكی گرینگە لە ناوچەكەدا و، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، كە وڵاتانی جیهان بە گرینگیەوە دەڕوانە پێگە و دیپڵۆماسیی (سەرۆک بارزانی) و هەرێمی كوردستان. بۆیە داوا لە لایەنەكانی خۆمان دەكەین، پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی بە مافەكانی خۆمان بگەین.''
kdp-
