سەرۆک ئۆلاند: هەمیشە پشتگیری کوردستان دەکەم

 سەرۆک ئۆلاند: هەمیشە پشتگیری کوردستان دەکەم
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی ئێلیزێ کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان سازدا و سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کە ئەو لەکاتی شەڕی داعشدا لە ٢٠١٤ پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە و هەمیشە پشتگیری هەرێمی کوردستانیش دەکات. لە پرێسکۆنفرانسەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە دانیشتنەکە دۆستانەبووە و باسی شەڕی داعشیان کردووە و هەروەها باسی ئەوەیان کردووە کە فەرەنسا چۆن هاوکاری پێشمەرگە بکات.

سه‌ردانى (سەرۆک بارزانى) بۆ فه‌ره‌نسا دواى به‌شداریكردنى دێت له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن كه‌ رۆژی یەکشەممە كۆتایى به‌ كاره‌كانى هێنا.
لە سەر ماڵپەری کۆشکی ئێلیزێ کاتێک باس لە کۆبوونەوەی (سەرۆک بارزانی) و (فرانسوا ئۆلاند) کراوە (بارزانی) وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ناوی هەرێمی کوردستان باسی عێراق نەکراوە کە ئەمەش دەکرێت وەک بەرەو پێشچوونێکی گەورە و هەنگاوێکی دیپلۆماتیانەی گەورە تەماشا بکرێت. هەروەها ئەم سه‌ردانەى (سەرۆک بارزانى) بۆ پاریس له‌سه‌ر بانگهێشتى فەرمی سه‌رۆكایه‌تى فه‌ره‌نسایه‌.

لە مانگی شوباتی ساڵی دوو ھەزار و پازدە دا (سەرۆک بارزانی) سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ (فرانسوا ئۆلاند) کۆبووەوە. كۆبوونەوەكەش دوای ئەوە هات لە مانگی ئەیلوولی ساڵی دوو ھەزار و چواردە دا، دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە.
بۆ دووەمجاریش رۆژی دووی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (فرانسوا ئۆلاند) بەیاوەری شاندێكی حكومەتی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و، لە رێوڕەسمێكی تایبەت و پرۆتۆكۆڵیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لایەن (مەسعود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
kdp-
Top