"دوای شەڕی داعش جیهان بەچاوێکی کراوەتر دەڕوانێتە هەرێم"
(د.شەوکەت سندی)، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەشداریکردنیان لە کۆنگرە و کۆنفڕانسە جیھانیەکان و پێشوازیکردنی سەرۆکی وڵاتە گەورەکانی دنیا لە (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە (سەرۆک بارزانی) وەک کاریزمایەک لەلایەن جیھانەوە ناسراوە و، ڕۆڵی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی برایەتی و تێکشکاندنی گەورەترین گرووپی تیرۆرستیی جیھاندا ھەبووە. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە دەچێتە ھەرشوێنێک پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، تەوەرەی سەرەکیی باسەکانییەتی، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی جیھان بۆ کورد و ھەرێمی کوردستان بەدەست بێنێت. ئەوانەی دەشڵێن دوای شەڕی داعش جیھان وەک ئێستا ڕوو لە کورد ناکات بەھەڵەداچوون، چونکە پێموایە دوای نەمانی داعش جیھان بە چاوێکی کراوەتر دەڕوانێتە ھەرێمی کوردستان.''
(د. شەوکەت سندی) گوتی: سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتانی جیھان و دیدار و بەشداریکردنی لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی (سەرۆک بارزانی) لە ناوچەکەدا هەیەتی. هەرچەند پیلان ھەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان سەرکەوتوو نەبێت، بەڵام ئەو ڕۆژە نایەتەوە، کە جارێکی دیکە کورد بگەڕێتەوە بەغدا.
دەربارەی پرسی سەربەخۆییی کوردستانیش ئەو مامۆستایە دەڵێ: ''ھەرێمی کوردستان چەند جارێک عێراقی لە کەوتن ڕزگار کردووە، کەچی ھیچ سوودی نەبووە بۆ ئەوەی پێکەوە بژین. لەبەر ئەوە، باشترین بژاردە، جیابوونەوەمانە لە دەوڵەتی عێراق. ڕاستە لە نێوخۆ و دەرەوەش لەدژی پڕۆژەی سەربەخۆییی کوردستان پیلان ھەیە و، لەنێو هەرێمدا خەڵکی وا هەیە تامەزرووی ماچەکانی (نووری مالیکی)یە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بەغدا، بەڵام ئەم ڕۆژگارە گوزەشت.''
kdp-
