نوێنەری میری ئێزدییان: بارزانی نوێنەری ئێزدییەکانە

 نوێنەری میری ئێزدییان: بارزانی نوێنەری ئێزدییەکانە
بریکاری میری ئێزدیان رایگەیاند، ئێمە پێمان خۆشە سنوورمان لەگەڵ عیراق جیا بکرێتەوە، چوون بۆ سەڵاحەدین (پیرمام) و دیتنی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، لە بەغدا و ھەموو دەوڵەتانی جیھانیش نزیکترە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێزدی. نوێنەری ئێزدیانیش کاک مەسعود بارزانی-یە.

حازم میر تەحسین بەگ بریکاری میری ئێزدیان روونی کردەوە: "لەبری ئەوەی ئێزدی بچنە وڵاتانی بیانی و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێزدی بکەن و ئەمەش مەحاڵە، چونکە ئەمڕۆ تەنیا سەرۆک بارزانی نوێنەری ئێمەیە، ھەر کێشە و داخوازییەکی ھەمان بێت لە سەرۆک بارزانیی داوا دەکەین، ئێمە پێویستمان بە وڵاتانی بیانی نییە، نە ئێران و نە تورکیا و نە ئەمریکا، ھیچ دەوڵەتێک کێشەی ئێزدیان لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر ناکات، ئێمە خەڵکی کوردستانین و لەسەر خاکی کوردستانیش کێشەکانی ئێزدی چارەسەر دەکرێن."

نوینەری میر زیاتر روونی کردەوە: "پرسی پاراستنی نێودەوڵەتی بیری لێ ناکەینەوە، چونکە ئێمە لە گەلێک کۆنفرانسی جیھانی ئامادە بووین، ھەموو دەڵێن دەستوور رێ نادات، مادام دەستووریش رێ نادات، ئیدی لێرە بە تەنیا دەستووری عێراق و ھەرێمی کوردستان رێ دەدەن کە پاراستنی ئێمە لە چوارچێوەی کوردستاندا بێت، بۆچی دەوڵەتانی جیھان بێن و پاراستنی ئێزدی بگرنە ئەستۆ؟ ئەمە جێی پرسیارە. ئێمە پێمان خۆشە ئێزدی سەر بە پێشمەرگەی کوردستان دەڤەرەکانی ئێزدی بپارێزن یان پێشمەرگەی کوردستان دەڤەرەکانی ئێمە بپارێزێت."

حازم تەحسین بەگ گوتی: "داواکاریی ئێزدیان لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و بە تایبەتی لە سەرۆک بارزانی ئەوەیە، مافی ئێزدیی کوردستان بپارێزرێ، ئەگەر شنگال ببێتە پارێزگا و سەر بە ھەرێمی کوردستان بێت، ئەوا ئێزدی پارێزراو دەبن."

بریکاری میری ئێزدیان ئەوەشی خستە روو: "ھەموو کێشەکانی شنگال چارەسەر دەبن، بەڵام کات و پشوودرێژیی دەوێ، ھەر کۆنفرانسێک ئێمە تێیدا بەشدار بووین، لەو کۆنفرانسەدا دەگوترێت کە ھاوکاریی پێشمەرگە دەکرێت، ئێمەش ھەموو جارێ رۆڵی پێشمەرگە دەخەینە روو، چونکە پێشمەرگەی کوردستان ھەیبەتی تیرۆریستانی شکاند، ئەمە لەبیر ناکرێت."

حازم میر تەحسین بەگ گوتی: ھیچ دەوڵەتێکی جیھان پەیمان و بەڵێنی خۆی لەگەڵ ئێزدیدا نەبردە سەر، تەنیا سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی خۆیان لەگەڵ ئێزدیان بەجێ ھێنا بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی.

بریکاری میری ئێزدیان ئەوەشی گوت: "میر تەحسین بەگ لە ئەڵمانیا چارەسەر وەردەگرێت، پزیشکانی ئەڵمان پێیان گوت تۆ ناتوانی لە ئێمە دوور بکەویتەوە لەبەر چارەسەر، بەڵام بەم دواییە بواریان داوە کە میری ئێزدیان لە پزیشکەکانی خۆی لە ئەڵمانیا دوور بکەوێتەوە، من پێم وایە پاش چەند مانگێکی دی میری تەحسین سەعید بەگ لە کوردستان دەبێت."

ئەو ئاشکراشی کرد: "ئێمە پێمان خۆشە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەبارەی بارودۆخی ئێزدیان لە ھەموو بوارێکدا بکات، باشترە ھەر لە ئێستاوە دەست بە خزمەتگوزاری بکرێت بۆ دەڤەرەکانی کوردی ئێزدی و بایەخێکی مەزن بە رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێمە بدرێت."

حازم میر تەحسین بەگ روونی کردەوە: "جڤاتی بڵندی ئێزدیان دادەمەزرێت، پاش ئەوەی دەستبەکار دەبێت ئیدی ھەموو کاروباری ئێزدیان لە رێی ئەو جڤاتە بڵندەوە جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ٧٠%ی پرۆژەکە تەواو بووە، ھەموو دنیا دەزانێ میری ئێزدیان رابەرایەتیی ئێزدیان دەکات، گلەیی لە میری ئێزدیان دەکرێت ھەروەھا گلەیی لە جڤاتی رۆحانیی ئێزدیانیش ھەیە، گەلێک رۆشنبیر و ئەکادیمیی ئێزدی ھەن، ئێمە پێمان خۆشە بۆ خزمەتکردنی کوردستان کار بکەن و داکۆکی لە پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان بکەن."

بریکاری میری ئێزدیان ئاماژەی بەوەش دا، کە دنیا گۆڕاوە و ئێستا ئێزدی وەکوو چل ساڵی رابردوو نین، رەوشی چل ساڵ بەر لە ئێستا نەما و ئێستا گەلێ رۆشنبیر و ئەکادیمیی ئێزدی ھەن، جا بۆیە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی جڤاتی بڵندی ئێزدیان پێک بھێندرێت، ھەموو کاروباری ئێزدیان لە رێی ئەو جڤاتەوە بە ئاکام بگات، ئێزدیش یەک گوتاریان ھەبێت.














باسنيوز
Top