بەندکراوێکی کورد زیاتر لە هەشت ساڵە چارەنووسی ناڕوونە
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "فەرهاد سەلیمی"، مامۆستای ئایینیی بەندکراو لە زیندانی "ڕەجایی شار"ی کەرەج، لە زستانی ساڵی 2008 بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتاتی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە، زیاتر لە هەشت ساڵە چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (کوردپا) ئەو بەندکراوە پاش دەستبەسەرکران، بۆ ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، گوێزراوەتەوە و بۆ ماوەی هەشت مانگ لەژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی زینداندا بووە، پاشان لە مانگی هاوینی ساڵی 2009 بۆ زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە و بۆ ماوەی شەس مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بەسەری بردووە.
لە زستانی ساڵی 2009دا و پاش شەش مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤین، بۆ بەندی ٣٥٠ی ئەو زیندانە گوازراوەتەوە و دوایین جار لە بەهاری ساڵی 2011 بۆ زیندانی "ڕەجایی شار"ی کەرەج ڕایانگواستووە.
ئەم زیندانییە کوردە، لە ماوەی زیادتر لە ٨ ساڵ زیندانی بوونیدا، لە مافی مەرەخەسی (مۆڵەتی یاسایی) بێبەش کراوە.
بەرپرسایەتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە ساڵی 2009ەوە کەوتووەتە ئەستۆی "محەممەد مەردانی"، کە ناوبراو پاش وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتییە، زیندانیانی ئەم زیندانە و بەتایبەت بەدکراوانی سیاسیی خستووەتە ژێر گوشار، و هەر بەم هۆیەشەوە زیندانییەکان ناڕەزایەتیی زۆریان سەبارەت بە چۆنییەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵیان دەربڕیوە.
بۆ نموونە لە مافی مەرەخەسی و ئیمکاناتی تەندروستی و پزیشکی بێبەش کراون، یان بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتووە، و چاوپێکەوتنی بەندکراوان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەژێر چاوەدێریی بەرپرسانی زینداندایە.
بەهۆی گوشاری بەرپرسانی زیندان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا زیندانییەک بە ناوی"مەیسەم کەریمپوور" خەڵکی "خۆڕەمئاباد"، دەستی داوەتە خۆکوژی.
بەرپرسانی حکوومەتی ئێران چەندین جار لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤەوە سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ بەندکراوان هۆشدارییان پێ دراوە بەڵام، حکوومەتی ئێران خەمساردە و ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی زیندانیان بە تایبەت لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بەرەو خراپتربوون دەچێت.
باسنيوز
