لە فەرەنسا وەک سەرۆک دەوڵەت پێشوازی لە بارزانی دەکرێت
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرەنسا لەبارەی سەردانی بارزانی بۆ فەرەنسا گوتی: "کۆبوونەوەی بارزانی لە فەرەنسا کۆبوونەوەیەکی گرنگە، چونکە لە ماوەی شەش مانگدا سێ جارە هەردوو سەرۆک بارزانی و سەرۆک ئۆلاند یەکتری دەبینن، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان ئەوەیە کە فەرەنسا گرنگی دەدات بە هەرێمی کوردستان، تەنیا هەرێمی کوردستانە دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەریی ببینێت، هەم لە شەڕی داعش و هەم لە دوای سەری داعش، بۆ ئارامی ناوچەکە بەتایبەت دوای نەمانی داعش لە ناوچەکە چۆن بتوانرێت ئارامی بەرقەرار بکرێت، یەکێک لە پرسەکان ئەوە دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق دوای داعش چی بکەن".
گوتیشی: "پرسی سووریاش باس دەکرێت، لەبەر ئەوەی بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ڕۆژاوا کوردستان لەوێش ئەو پرسە باس دەکرێت، دواتر باسی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە بواری ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان بۆ ئەوەی فەرەنسا ڕۆلی هەبێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک ئاوارە ئێزدی و مەسیحییەکان بۆ ئەوەی فەرەنسا ڕۆڵی خۆی ببینێت، دواتر باسی ئەو هاوکارییانە دەکرێت کە فەرەنسا بۆ پێشمەرگەی دەنێرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بانگێشت نامە بەفەرمی لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە کراوە، وەک سەرۆکی دەوڵەت بانگ کراوە لە بەیاننامەکەدا باس دەوڵەتی کوردستان کراوە بەبێ ئەوەی ناوی عێراق بهێنرێت و لەسەر سایتی فەرمی خۆیان ئەوەیان نووسیوە و بڕیارە لە کۆشکی "ئیلیزێ" پێشوازی لێکربێت لەلایەن خودی سەرۆکی فەرەنساوە.
عەلی دۆڵەمەڕی، راشی گەیاند: "پەیوەندی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژینەیە هەمیشە و لە ڕۆژانی تەنگانەدا بۆ گەلی کورد هاوکار بووە، فەرەنسا کاتی خۆی بڕیاری 986 واژۆکردن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی فەرەنسا دوای سێ ڕۆژ لە هێرشی داعش هاوکاری گەیاندە هەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی کوردستانی کرد و دواتر فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنساش ڕێکەوتی 2017 -1-2 بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
باسنیوز
