بەرپرسێکی کانتۆنی جزیرە: پێشمەرگەی رۆژ و یەپەگە کۆ بوونەتەوە
رێزان گلۆ، هاوسەرۆکی دەستەی پاراستن لە کانتۆنی جزیرە بە کەناڵی (کوردستان 24)ـی راگەیاندووە، کە کۆبوونەوەکان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی نوێنەری ئەمریکا بەڕێوە چووە.
رێزان گلۆ هەروەها رایگەیاند، کە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لە نێوان پێشمەرگەی رۆژ و یەپەگە، مەسعود بارزانی بەشداریی کردووە و کۆبوونەوەیەکیش بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کانتۆنی جزیرە، لە کۆبوونەوەی سێیەمی ئەو دوو هێزە کوردستانی رۆژئاوادا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بووە.
هێزی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژئاوا (پێشمەرگەی رۆژ)، هێزێکی 30 هەزار پێشمەرگەییە. هەموو پێشمەرگەکان کچ و کوڕی ئاوارەی کوردستانی رۆژئاوان و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەشقی سەربازییان پێکراوە.
یەپەگە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)یە، کە ئەویش باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە کوردستانی رۆژئاوا.
k24
