یەکێتی لیوایەک لە چەمچەماڵ دادەمەزرێنێت و حکوومەتی عێراق پڕچەکی دەکا

یەکێتی لیوایەک لە چەمچەماڵ دادەمەزرێنێت و حکوومەتی عێراق پڕچەکی دەکا
بۆ یەکەمین جار پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی یەکەی (٧٠)ی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی دەکات و سەرچاوەیەکیش رای دەگەیەنێ، ھەر یەک لە ھێرۆ ئیبراھیم و کۆسرەت رەسووڵ لەسەر گۆڕانکاری لەو پۆستەدا رێک کەوتوون.



سەرچاوەکە، لەبەر بەرپرسیارییەتییەکەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، رای گەیاند، دوای رێککەوتنی ھێرۆ ئیبراھیم، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و کۆسرەت رەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، کە ئێستا لە باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتییە، پاڤێڵ تاڵەبانی، بۆ یەکەمین جار سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک سەرکردەکانی یەکەی(٧٠)ی یەکێتیی کردووە و وەک سەرپەرشتیاری ئەو ھێزە خۆی نیشان داوە و باس لەوەش کراوە کە شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، کراوەتە جێگری پاڤێڵ تاڵەبانی.



ھەمان سەرچاوە ئەوەشی راگەیاند، یەکێتی لەو ماوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی لیوایەکی پێشمەرگەی لە چەمچەماڵ داوە و (حاجی ئاوات)ی وەکو سەرپەرشتیاری ئەو لیوایە دەستنیشان کردووە، ھاوکات(مەردان چاوشینی)یش کراوەتە بەرپرسی کاروباری ئیداریی لیوایەکە و بە گوتەی سەرچاوەکە، وا بڕیارە ئەو لیوایە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە چەک و تفاقی بۆ دابین بکرێ، کە پێشتر بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەو بەڵێنەیان بە یەکێتی داوە.



قادر وەتمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە لیژنەی پێشمەرگە رای گەیاند، سەرپەرشتییارەکانی لیواکانی (٧٠) و (٨٠)ی یەکێتی و پارتی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانیان تەخویل کراون، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە توانای گۆڕینی سەرپەرشتیاری ئەو لیوایانەی نییە، بڕیاری گۆڕینیان حزب دەیدات، لە دۆخێکدا ئەگەر بشگۆڕدرێن دەبێت رەزامەندیی ئەو دوو حزبەی لەگەڵدا بێت بۆ ھەر یەکێکیان، گوتیشی: ”دامەزراندنی لیوا لەلایەن حزبەوە نایاساییە، بەڵام ئەوە راستە جگە لە ١٤ لیوای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوای دیکەش دامەزراون“.



لای خۆشیانەوە مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، رای گەیاند، بۆ گۆڕینی سەرپەرشتیاری یەکەی (٧٠) دەبێت مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری ئەو گۆڕانکارییە بدەن، گوتیشی: ”مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و کاک کۆسرەت و سەرکردایەتیی یەکێتی دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە سەرپەرشتیاری یەکەی ٧٠ بە کەسێکی دیکە بگۆڕن، بەڵام لە ئێستا و لەم قۆناغەدا لەوە ناچێت ئەو گۆڕانکارییە بکرێ، بۆ رێککەوتنی ناوخۆی یەکێتیش لەسەر ئەو پرسە ئاگادار نیم“.



باسنیوز
Top