سەرۆك بارزانی و فرانسوا ئۆلاند بۆ چوارەمجار كۆدەبنەوە
بەپێی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی فەرەنسا، کاژێر 16:15 خولەک بەکاتی پاریس، ئۆلاند پێشوازی لە بارزانی دەكات.
شایانی باسە ئۆلاند مەبەستیەتی گوێ لە بۆچوونی سەرۆك بارزانی بگرێ سەبارەت بە ئایندەی موسڵ و عێراقی دوای داعش. هەروەها فەرەنسا کار لەسەر ئەوە دەکات مافی پێکهاتەکانی نەینەوا و سەلامەتییان زامنکراو بێت.
رۆژی 16-2-2017، سەرۆك بارزانی بەسەرۆكایەتیی شاندێك بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت و بەشداری كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی كرد لە شاری میونشنی ئەڵمانیا. لەدەرەوەی كۆنفرانسی میونشن بارزانی یەكەم كۆبوونەوەیە ئەنجامی دەدات، ناشزانرێت دوای كۆبوونەوەكە دەگەڕێتەوە كوردستان یان سەردانی وڵاتی دیكەش دەكات.
ئەندامانی شاندی كوردستان بریتین لە: محهممهد حاجی مهحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، شێخ جهعفهر شێخ مستهفا، ئهندامی مهکتهبی سیاسی یهکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عومهر عوسمان، ئهندامی مهکتهبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حوسێن، سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان، هێمن ههورامی، ئهندامی ئهنجوومهنی سهرکردایهتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئهنوهر حاجی عوسمان، بریکاری وهزارهتی پێشمهرگه.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2015 دا بارزانی سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند کۆبووەوە. كۆبوونەوەكەش دوای ئەوە هات لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا، دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە.
بۆ دووەمجاریش رۆژی دووشەممە 2-1-2017، فرانسوا ئۆلاند بەیاوەری شاندێكی حكومەتی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و، لە رێوڕەسمێكی تایبەت و پرۆتۆكۆڵیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
فەرەنسا وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا و یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، رۆڵێکی کارای هەیە و ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوكاری هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا دەكات.
کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە، پاریس رۆڵێكی بەرچاوی لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، کە تایبەت بوو بە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە عێراق، ئامانجیش لە بڕیارەکە پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو لە هەر هێرشێکی رژێمی پێشووی عێراق.
لەماوەی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە دژ بە رێکخراوی داعش، فەرەنسا لە بواری سەربازیدا یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە و چەندینجار چەک و تەقەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناردووە.
فەرەنسا بە هەبوونی زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی لە شەڕی دژی داعشدا بەشدارییەکی چالاکی هەیە، ئەو فڕۆکانەش بارەگاکانی داعش لە عێراق و سووریا بۆردوومان دەکەن، لەوەش زیاتر فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بووە میوانداری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی کردووە.
رووداو
