نوێنەرایەتی جووەكان لە ھەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێتەوە

نوێنەرایەتی جووەكان لە ھەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێتەوە
دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر نوێنەرایەتی جووەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كارەكانیانی ھەڵپەسارد، ئەمڕۆ بڕیاریاندا دەستبەكار بكەنەوە و ئەوەش دەخەنەڕوو، هیچ هێزێك ناتوانێ‌ درز بخاتە نێوانمان، پرسی پێكەوە ژیان ستراتیژیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە"

شێرزاد عومەر، نوێنەرایەتی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت بە كۆی دەنگی كۆمەڵگای كوردانی جوو لە كوردستان نوێنەرایەتمان لە وەزارەتی ئەوقاف و كارووباری ئاینی هەڵپەسارد، ئەمڕۆ لە گەڵ بەڕێزان دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كارووباری ئاینی و دیار جەباری بەڕێوەبەری گشتی دیوان دانیشتین و دوێنێش لەگەڵ بەڕێز ئەمیر خەیلانی (بەڕێوەبەری پێكەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كارووباری ئاینی) دانیشتین توانیمان بە هەموو لایەكمان بگەینە ئەنجامێك بۆ چارەسەری كێشە و گرفت و كەمو كوڕیەكان، لە ئەمڕۆوە نوێنەرایەتیمان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە كاروچالاكیەكانی خۆی بەردەوام دەبێت".

دەشڵێت: "هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە پرسی پێكەوە ژیان ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئێمەش لە جاران زیاتر گەرم و گوڕتر دەبین بۆ كاروچالاكیەكانمان هیچ هێزێكیش ناتوانێ‌ درز بخاتە نێوانمان".

رۆژی 16 ئەم مانگە، نوێنەرایەتی جووەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كارەكانیان ھەڵپەسارد.

، شێرزاد عومەر، نوێنەرایەتی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ھەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی كێشەكانیان ئاشكرا بكات گوتی: "ھەڵپەساردنی كارەكانمان پەیوەندی بە چەند كێشەیەكی ناوخۆ و دەرەكییەوە ھەبوو".

رەتیشی كردەوە، كە ئەم بڕیارەیان پەیوەندی بە باری داراییەوە ھەبێت كە چەند كەناڵێكی راگەیاندن باسیان لێوەكردووە.
k24 -
Top