نیچیرڤان بارزانی: تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە ھاوکاری لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە

 نیچیرڤان بارزانی: تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە ھاوکاری لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوزای سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 20/2/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوزای لە سیناتۆر ڕۆبێرت کۆرکەر، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد،
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان و قارەمانیەتیی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستنی ناوچەکە لە ھێرش و ھەڕەشەی تیرۆر و حەواندنەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کە مایەی ڕێز و پێزانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، دەربڕی و بەردەوامیی ھاوکارییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی لە بوارەکانی دیکەشدا ئەم ھەماھەنگییە ھەبێت و ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی لە ئاشتیەواییەکی سەرتاسەری عیراقیدا ھەبێت و پشتگیریی وڵاتەکەیشی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نیشان دا.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکاری و پاڵپشتییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و بەتایبەتی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان کرد کە کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو بۆ تێکشکاندنی ھێرش و ھەڕەشەکانی تیرۆرستانی داعش، ھەروەھا باسی لە قوربانیدانی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەھاناوەھاتنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە قورساییەکی زۆری بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دروست کردووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە لە ڕووی سەربازییەوە ھاوکارییەکی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا ھیچ پێشکەوتنێک نییە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی عێراق مافی خۆیانە لە ئایندەی خۆیان دڵنیا بن و بۆ ئەمەش بە پێویستی زانی ھاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، پلانێکی ئاشتەواییی نیشتمانیش دابڕێژرێت کە تا ئێستا لە بەغدا باسی لەسەر نەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی، پوختەیەکیشی دەربارەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، ھەروەھا لێکەوتەکانی و ھەنگاوەکانی چارەسەرکردنی، پێشکەش کرد، لەم ڕووەوە شاندی میوان خۆڕاگریی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بەرامبەر ئەم قەیرانە بەرز نرخاند و ستایشی ئەو ھەنگاو و چاکسازییانەیان کرد کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە نراون.








باسنيوز
Top