دوای کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە
نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ڕووداوەکانی جیهان و ناوچەکەش گۆڕانکاریی خێرا و بەپەلە بەخۆیەوە دەبینێت، دڵنیام هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەن".
گوتیشی: "ئەو دۆخەی بینیمان لە کۆنگرەی میونشن لە ئەڵمانیان خۆی دەسەپێنێت بەسەر دۆخی سیاسیی کوردستاندا کە حزب و لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە چارەسەریی پرسەکان".
ئەوەشی خستەڕوو، پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە، بەڵام یەکێتی چاوەڕوانە گفتووگۆکانی ناوخۆیان تەواو ببێت، دواتر لەگەڵ پارتی گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە بکەن کە پێشووتر قسەیان لەسەر کراوە.
هاوکات، دیار ئەحمەد مەجید، گوتەبێژی مەکتەبی کۆمەڵاتیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و ئاگادار لە کۆوبونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی، گوتی: "من ئاگاداری دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووم، لەوێ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت بان کرا، دواجار کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی هاوبەش کرا، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان داوای ڕوونکردنەوەیان لە قوباد تاڵەبانی کردبوو، لەسەر ئەدای حکوومەت و کشانەوەی وەزیرەکانیان، ئەویش وەڵامی خۆی داوەتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان".
گوتیشی: "هەرلە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەنگیان داوە بە پرۆژەکەی یەکێتی و گۆڕان، بڕیارە ڕۆژی پێنجشممە بدرێتە سەرکردایەتیی یەکێتی، یان لەو ڕۆژە یان بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەرکردایەتیش ڕەنگە دەنگی لەسەر بدات، دوای ئەوەی دەنگیان لەسەر بڕیارە یەکێتی و گۆڕان بەیەکەوە ئەو پرۆژە بکەنە پاکێجێک لەسەر ئەو پاکێجە بەسەر کردایەتی هاوبەش لەگەڵ پارتی کۆ دەبنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی بۆیە تا ئێستا لەگەڵ پارتی کۆبوونەوەی نەکردووە، دەیەوێت ئەم پرۆژە خۆی و گۆڕان بکاتە بنەمای گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتی.
باسنیوز
