ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوەبەرێکی پۆلیس لەسەر زیادەڕۆیی بانگهێشت دەکات
عیماد رەفعەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاند: "لە میانەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 20\2\2017ی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێردا، بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەکران، لەلایەن لیژنەی شارەوانیی ئەنجومەنی پارێزگاوە، بەھۆی ئەو زیادەڕەوییانەی لەسەر موڵکی گشتی کراوە، بانگێشت کرا، بەڵام ئەو بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکەی بەھۆکاری زیادەڕەوییەکانی ناوچەکە زانی".
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، تائێستا چەند خانووێک لەلایەن ھاووڵاتییانەوە لەسەر موڵکی گشتی دروست کراون. گوتیشی: “بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەکران پێی گوتین کە نووسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارەشەکران کردووە، ئاگاداریان کردوونەتەوە لەو زیادەڕۆیانە، بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون و ھیچ ڕێگرییەکیان لەو زیادەڕۆیانە نەکردووە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی دارەشەکران بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنەکە بانگهێشت بکرێت و لەبارەی بابەتی زیادەڕۆیی لە سنوورەکە کە ئەو بەهۆکاری زاندراوە، داوای ڕوونکردنەوەی لێ دەکرێت.
باسنیوز
