ئیلام.. تەقینەوەی مین دوو قوربانیی دیکەی لێ کەوتەوە

 ئیلام.. تەقینەوەی مین دوو قوربانیی دیکەی لێ کەوتەوە
تەقینەوەی مین لە شاری "ئەیوان"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی ئەو شارەی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە 2017 -2- 18 دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ئەیوان، لە کاتی کارکردن لەنێو مووچە و مەزرادا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراو و بریندار بوون.

هەواڵدەریی (ئیرنا) لەزاری فەرماندەی پۆلیسی شاری ئەیوان بڵاوی کردەوە کە، ئەو ڕووداوە لە ناوچەی "ڕەوان"ی شاری ئەیوان ڕووی داوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لەو دوو جووتیارە کوردە لە کاتی تەقینەوەی مینەکەدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە، هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.

ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو دوو جووتیارەی بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش بەهۆی ڕووداوی تەقینەوەی مین جووتیارێکی کورد لە شاری (قەسر شیرین) لە کاتێکدا خەریکی کشتوکاڵ بوو لەنێو مووچە و مەزراکەیدا بە توندی بریندار بوو.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکان لە شەڕی ئێران و عێراق، دەبنە قوربانی.
Top