چاودێرێكی سیاسی: ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی بەدەوڵەتبووندایە

چاودێرێكی سیاسی: ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی بەدەوڵەتبووندایە
چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ھەنگاوی زۆر باشی ناوە، ئەمەیش ھەمووی بە پلەی یەكەم بۆ سیاسەتی ژیرانەی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، چونكە ئێستا وەكو سەرۆكی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی ھەرێم دەكرێت لەلایەن وڵاتانەوە.

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆلە سلێمانی (كەیوان ئازاد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا دیپلۆماسییەتی كورد قۆناغێكی زۆر باشی بڕیوە، چونكە ئەوەی شارەزایی لە مێژوو ھەبێت دەزانێت ٢٠ساڵ پێش ئێستا ھەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر ھەستیار و مەترسیداردا بوو كە نەیدەتوانی بەرپرسێكی سادەی وڵاتان ببینێت، بەڵام ئێستا وەكو سەرۆكی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی ھەرێم دەكرێت و بەشداری لە كۆنگرە جیھانییەكان دەكات وەكو داڤۆس و میونشن، كە ئەمەیان لەوەی داڤوس بەھێزترە، لەبەر ئەوەی (سەرۆك بارزانی) گوتار پێشكەش دەكات بە ئامادەبوونی دەیان سەرۆكوەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دونیا، كە نوێنەرایەتیی ئاساییشی جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكەن".
(كەیوان ئازاد) گوتیشی، (سەرۆك بارزانی) لەو كۆنگرەیەدا دیداری لەگەڵ چەندین سەركردە كردووە، لەوانە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، كە ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانەوە دداپێدانراوە و قورسایی خۆی ھەیە، ئەمەش بە پلەی یەكەم بۆ سیاسەتی ژیرانەی (سەرۆك بارزانی) خۆی دەگەڕێتەوە و، دواتر ھێزی پێشمەرگە كە شەڕی داعشی كردووە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر باشدایە كە قۆناغی دەوڵەتبوونە، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە ھەموو ھەنگاوی زۆر باشن بۆ بەدەوڵەتبوون، لە ئێستایشدا ھەرێمی كوردستان پێگەیەكی زۆر بەھێز و كارای ھەیە لە ناوچەكەدا و بە بێ ھەرێمی كوردستان ناوچەكە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
KDP-
Top