مەكگورك: کۆبوونەوەی گرینگمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد
(برێت مەكگورك) ئاماژە بە قوناغی ئێستای ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، كە پێی وایە شەڕێكی زۆر سەخت دەبێت و كاتی پێویستە، گوتیشی "بێ ھەماھەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەم كارە ناكرێت و گفتگۆی وردمان لەبارەی ئەو شەڕە كرد بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە لەناوبردنی داعش".
هاوکات لەبارەی ھاوكاریی ئەمریكا بۆ كورد لە شەڕی دژی داعشدا گوتی "لە چەندین كەرتی جیاوازەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان دەكەین، ستراتیژی ئێمە زۆر روونە، لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان دەكەین. لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو ھاوكاریانەمان تاوتوو كرد، دەبێ دڵنیا بین لەوەی كە داعش لەناو دەچێت".
(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ (برێت مەكگورك) نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش كۆ بووەوە.
(سەرۆك بارزانی) لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی بەشداری كۆنفرانسەكە كۆ بووەتەوە و، شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ دەرەوە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانی بووە.
كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە سێیەم رۆژ و كۆتا رۆژیدایە و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەو چەند رۆژەدا كۆمەڵێك دیداری گرینگی لەگەڵ سەركردە و نوێنەری وڵاتانی جیھان ئەنجام داون.
KDP-
