کەرخی ئاڵتی برماغ: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر خۆی لە هەرێمی کوردستان نزیک دەکاتەوە

 	 کەرخی ئاڵتی برماغ: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر خۆی لە هەرێمی کوردستان نزیک دەکاتەوە
سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتیی تورکمان، باس لە گرینگیی دیدارەکانی شاندی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) لە کۆنفرانسی میونشن دەکات و دەڵێت: ''کاربەدەستانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا سەرەیان گرتووە، بۆ ئەوەی چاویان بە (بارزانی) بکەوێت.''

(کەرخی ئاڵتی برماغ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کۆنفرانسی میونشن، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی زۆر گرینگە. لەو کۆنفرانسەدا باسی تەنگژەکانی دنیا و، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت. بوونی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (بارزانی)، دەرفەتێکی زۆر گرینگە بۆ ئەوەی گەلی کوردستانیش، وەک گەلانی دنیا بەرگری لە خۆی بکات و، لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووریی دنیا ببێتە ژمارەیەکی بەهێز. سەردانی ئەم جارەی شاندی کوردستان جیاوازییەکەی لەوەدایە، کە ئێستا گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرێت. داعش، کە ڕووبەڕێکی زۆری خاکی عێراقی داگیر کردبوو، ئێستا بەرەو نەمان دەچێت و، گرینگ ئەوەیە کە دوای نەمانی داعش، عێراق بە گشتی و، کوردستان بەتایبەتی، چۆن لەسەر نەخشەی نوێی ناوچەکە جێی خۆیان دیاری دەکەن و، ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵسوکەوت بکەین و، پێیان ڕابگەیەنین، ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەت، دەبێتە دەوڵەتێکی ئارام لە ناوچەکەدا و نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک.''

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتیی تورکمان گوتی: ''(بارزانی) و شاندەکەی بە ڕاشکاوی ئەم بابەتەیان بە دنیا ڕاگەیاندووە، کە کوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەپێچەوانەوە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت، دەتوانێت باشترین پێوەندیی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان ببەستێت.''

(کەرخی ئاڵتی برماغ) دەڵێ: ''ئەوانەی پێشتر بیروبۆچوونیان دەربارەی کوردستان خراپ بووە، ئێستاش دەیانەوێت بە هەندێک هەنگاو کوردستان بگەیەرێننەوە بۆ باوەشی بەغدا، تا ئەم قۆناخەیان لێ تێپەڕبێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت ئەقڵییەتی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان گۆڕابێت، چونکە ئەوان ئامادە نین، شەراکەت جێبەجێ بکەن و، هەرکە باسی مافەکانیی خەڵکی کوردستان دەکرێت، دژایەتیی دەکەن.''

ئەو سیاسەتمەدارە تورکمانە دەشڵێ: ''دوای گۆڕانی ئیدارەی ئەمەریکا، ئەو وڵاتە زیاتر سیاسەتی هاوکاریکردن و نزیکبوونەوە لە کوردستان پەیڕەو دەکات و، لە میونشن سیناتۆرەکانی ئەمەریکا سەرەیان گرتووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) دیدار بکەن. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان بە گرینگییەوە لە کوردستان دەڕوانن.''
KDP-
Top