میدیاکانی گۆڕان و بەشێکی یەکێتی ھەواڵی خۆپیشاندانەکەی ئەڵمانیا چەواشە دەکەن
دوای دەست پێ کردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ھەزاران چالاکوانی ئاشتی لە ئەورووپا، لە شاری میونشن خۆپیشاندانێکیان دژی (ناتۆ) رێکخست و داوای ھەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان دەکرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا، کە زیاتر لە 1500 چالاکوانی ئاشتیی ئەورووپا ئەنجامیان دا، چەند ھەڵسوڕاو و چالاکوانێکی گۆڕان بە ئاڵایەکی گۆڕان و ئاڵایەکی کوردستان بەشدارییان کرد کە ئامانج لە خۆپیشاندانەکە دەربڕینی ناڕەزایی بوو بەرامبەر بە ناتۆ.
دوای خۆپیشاندانەکە، ژمارەیەک میدیای سەر بە گۆڕان و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویان کردەوە کە خۆپیشاندانەکە لەلایەن ھەزاران لایەنگری گۆڕان دژی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا، ئەنجام دراوە.
مەسعود بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسیی و سەربازیی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیھان (کۆنفرانسی میونشن)، بە سەردانێک چووەتە ئەڵمانیا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسی میونشن، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی بالای جیھان ئەنجام داوە و داوای ھاوکاریی بۆ گەلی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە، لەوانە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و چەندین بەرپرس و وەزیری دیکەی وڵاتانی زلھێزی جیھان.
باسنيوز
