بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەولێر نابێت
خانزاد یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند: "بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەولێر نابێت، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوانیان ھەیە، پێویستە حکوومەتی عێراق دەرمان بۆ ئاوارەکان و ھاووڵاتییانی مووسڵ لە ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام بەغدا ھیچ بڕە دەرمانێکی تا ئێستا ڕەوانە نەکردووە".
بەپێی بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ھەولێر، ڕِێژەی دەرمان لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان زۆر کەم بووەتەوە، ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئەوەش ئاشکرا دەکات: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی دەرمانی بۆ ھاووڵاتییانی مووسڵ و ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکان دابین کردووە، چونکە بەغدا ھیچ جۆرە دەرمانێکی ڕەوانە نەکردووە".
خانزاد یوسف، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە چەندین جار بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان، کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کراوە، جەختیش کراوەتەوە، کە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، پێویستە فشار بخرێتە سەر حکوومەتی عێراق.
باسنیوز
