عەرەفات کەرەم: وەک سوننەی مالیکی کوردی مالیکیش دروست بوون

 عەرەفات کەرەم: وەک سوننەی مالیکی کوردی مالیکیش دروست بوون
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند کە پەیدابوونی ناکۆکی لە مەرجەعیەتی شیعی لەنێوان خامنەیی و سیستانی لە لایەک و مالیکی لەگەڵ سەدر لەلایەکی دیکەوە، ھۆکارە بۆ یەکلایی نەبوونەوەی پرسی کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق.

عەرەفات کەڕەم ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی نوری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پشتیوانی ئێران بۆ ئەم ھەوڵە، ھاوکات ئاماژە بەکشانەوەی ئەندامانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەکات و گوتی: "مالیکی ھەست بەوە دەکات کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ مافی خۆی بوو کە دەبوایە ببێتەوە بەسەرۆکوەزیران، بەڵام بەپێی ئەو لۆبییەی کە لە بەرامبەری کرا، ناچاربوو پۆستەکە بۆ عەبادی جێبھێلێت، بۆیە لە ئێستادا دەڵێت عەبادی نەیتوانی وڵات بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە لەبیر نەکەین کە حزبی دەعوە، نوێنەرایەتی ئیسلامی سیاسی شیعە دەکات، ھەروەھا لە عێراقدا ململانێیەکی بەھێز لەنێوان مەرجەعییەتی قوم و مەرجەعیەتی نەجەف ھەیە".

ھەروەھا گوتیشی: "مەرجەعیەتی نەجەف پێکھاتووە لە ئەنجوومەنی باڵا و رەوتی سەدر، ھەروەھا حزبی دەعوەش دوو بەشە، عەبادی لەگەڵ گرووپەکەی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەفن، بەڵام مالیکی لەگەڵ مەرجەعیەتی قومدایە، واتا ئەو کێشەیەی کە لەنێوان مالیکی و سەدردا ھەیە لە بنەڕەدا چەند مژارێکی پشت پەردەن کە بریتیە لە کێشەی نێوان مەرجەعیەتی نەجەف و قوم واتا خامنەیی و سیستانی".

عەرەفات کەڕەم لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی پاڵنەرەکانی نوری مالیکی بۆ ھەوڵەکانی گەیشتن بەدەسەڵات گوتی: "مەرجەعیەتی قوم بەپلەی یەکەم مالیکی ھاندەدات بۆ ئەم کارە، ھەروەھا ئەو جەماوەرەی کە پشتگیری و لایەنگری ئەو دەکەن کە پێشتر دەستکەوت و قازانجیان لێ بینیووە لە ماوەی ٨ ساڵی دەسەڵاتەکەیدا، پێشتر چەند لایەنێکی سوننەش ھەبوون کە پێیان دەگوترا سوننەی مالیکی. لە ئێستاشدا کوردی مالیکی دروست بوون، چونکە لەو رێگەیەوە دەیانەوێت دژایەتی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن کە بەشێکیان بەرژەوەندییان وا دەخوازێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە جارێکی دیکە کورد ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ مالیکی ببەستێتەوە، شەرمەزارییە ئەگەر ئێمە کارێکی وا بکەین، چونکە بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی".

سەبارەت بەھەڵوێستی لایەنەکان دیکەی عێراق لە بەرامبەر پڕۆژەکەی مالیکی، عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،گوتی: "ھەڵوێستی سوننەکان روون و ئاشکرایە، ھەروەھا ھەڵوێستی کوردیش روونە، بەڵام بەشێکی کورد کە من بەکوردەکانی مالیکی ناویان دەبەم و ئەم زاراوەیە بۆ پێناسەکردنیان بەکاردەھێنم، چونکە بەداخەوە دەڵێم لە بەرژەوەندی مالیکی کار دەکەن".












باسنيوز
Top