پسپۆرێک: ئەمساڵ کۆتایی بە دەوڵەتی عێراق دێت
(د. سەباح سوبحی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''خۆپێشاندانەکانی ئێستای عێراق لەلایەن شەقامی شیعە و لایەنگرانی (موقتەدا سەدر)ەوە بۆ دژایەتیکردنی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە. چونکە (مالیکی) هەوڵ دەدات، بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و بۆ چوار ساڵی دابێ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە. لەبەر ئەوە (سەدر) دژایەتیی دەکات و ململانێی توند لەنێوان کۆتلەکانی شیعەدا ھەیە، بەتایبەتی (موقتەدا سەدر) و (نووری مالیکی) ڕکابەری سەرسەختی یەکترن. ئەگەر خۆپێشاندانەکانی عێراقیش بەردەوام بن و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت، زەرەرمەندی یەکەم لەو نێوانەدا (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەبێت.''
ئەو پسپۆڕە دەڵێ: دوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش، ڕەوشی عێراق بەتەواوی تێکدەچێت و ململانێی نێو تەیارەکانی شیعە قووڵتر دەبێتەوە.
(د. سەباح سوبحی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''چەندین لێکۆڵینەوە کراون و دەریانخستووە، کە دەوڵەتێک بەناوی عێراق نەماوە و، ناوچەکانی ئەو وڵاتە بەسەر لایەنەکاندا دابەش بووە. بۆ نموونە، ھەرێمی کوردستان، بڕیاری خۆی بەدەست خۆیەتی. سوننەکانیش، خۆیان بڕیار دەدەن و، شیعەکانیش، کە چەند کوتلەن، ھەرکۆتلەیەکیان جەماوەری خۆی ھەیە. هەربۆیە ئەمساڵ ساڵی نەمانی دەوڵەتی عێراقە و کۆتایی دێت. ئەگەر لەڕووی ماددیشەوە تاکو ڕادەیەک بمێنێت، لەڕووی مەعنەوییەوە شتێک بە ناوی عێراق نامێنێت و دەمێکە کۆتایی ھاتووە. ھەرکەسێک توزێ شارەزایی ھەبێت و لە نەخشەی عێراق بڕوانێت، دەزانێ کە دەوڵەت بە شێوەیەکی ئەوتۆ نەماوە و ئەوەی ماویشە، ئەمساڵ کۆتایی دێت.''
kdp-
