زیرەک کەمال: بۆ پرسی سەربەخۆیی، هەموو ئەگەرەکان لە بەردەمماندا کراوەن

زیرەک کەمال: بۆ پرسی سەربەخۆیی، هەموو ئەگەرەکان لە بەردەمماندا کراوەن
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شوعی کوردستان (زیرەک کەمال) دەڵێ، پرسی سەربەخۆیی، مافی خەڵکی کوردستانە و هەموو ئەگەرەکانیش لە بەردەمماندا کراوەن.

(زیرەک کەمال)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شوعی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەربەخۆییی کوردستان کۆمەڵێک ئاستی جیاوازی هەیە؛ لەڕێی خەباتی چەکدارییەوە دەکرێت، وەک ئەوەی لە ئاستی جیهاندا هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە؛ هەوڵێکی دیکەش خەباتی مەدەنییە، کە هەوڵ بدرێت سەرنجی جیهان بەرەو پاڵپشتیی دیپلۆماسی ڕابکێشرێت. بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمماندا کراوەن. ئیتر دەبێت بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان هەموو هەوڵەکانان بخەینەگەڕ، هەم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و هەم لەگەڵ جیهانیش.''

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شوعی کوردستان گوتی: ''دەبێت لەسەر پرسی سەربەخۆیی، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین و، هەوڵیش بدەین پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خۆمان پەیدا بکەین.''

(زیرەک کەمال) گوتیشی: ''یەکەم شت، کە لەسەر ئاستی نێوخۆییدا بۆ پرسی سەربەخۆیی گرینگە، ئەوەیە کە لەنێو ماڵی خۆمانەوە دەست بکەین بە ڕێکخستنەوەی ڕیزبەندیی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، یەکخستنی گوتاری سیاسی و ڕێکخستنی خەڵک و ئامادەکردنی میکانزیم و، لەسەر ئاستی دەرەوەشدا، دەبێ هەرچەندی توانامان هەیە بیخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین. ئێمە خەبات و شێوازی جیاجیامان لەبەردەمدا هەیە و گرینگ ئەوەیە کە لەسەر ئاستی مەیدانیدا کاری بۆ بکەین.''
kdp-
Top