حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌نداوێكى نوێ له‌سه‌ر زێى گه‌وره‌ دروست ده‌كات

 حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌نداوێكى نوێ له‌سه‌ر زێى گه‌وره‌ دروست ده‌كات
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ڕایده‌گه‌یه‌نێ به‌نداوێكى نوێ له‌سه‌ر زێى گه‌وره‌ دروست ده‌كرێت.

ئه‌نوه‌ر عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاىگه‌یاند "وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ ساڵى 2017 به‌نیازه‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى گرنگ ئه‌نجام بدات، كه‌ پێشتر پرۆژه‌ى له‌و جۆره‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئێستە پرۆژه‌كانمان ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، تا ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بده‌ن و بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داین".

گوتیشى "یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ى كه‌ ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كراوه‌، دروستكردنى به‌نداوێكى نوێییه‌ له‌سه‌ر زێى گه‌وره‌".

ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كە پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ داڕێژراون، له‌ كۆمه‌ڵێك پلان و پرۆژه‌ى ستراتیژی و بڕیارى گرنگ پێكدێن، كه‌ گۆڕانكارى له‌ پەیكەری كشتوكاڵدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌رنه‌بڕێت، ناتوانین هیچ بڵێین".

به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ دواى ڕاپه‌رین و پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ساڵى 1992، زیاتر له‌ 70 به‌نداو له‌ شار و شارۆچكه‌كانى كوردستاندا دروست كراون، ئێستەش چه‌ندین پرۆژه‌ی دروستكردنى به‌نداو له‌ بوارى جێبه‌جێكردندان و كاریان تێدا ده‌كرێت.










باسنیوز
Top