نووسینگەی جندیانی: باشترە قادر عەزیز ئاگای لە لێدوانەکانی بێت
رۆژی شەممە 18.2.2017، نووسینگەی ئازاد جندیانی، ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە وەڵامێکدا، رایدەگەیەنێت، ”ڕەنگە کاک قادر عەزیزیش وەک هێندێکی تر بۆ پێگەی خۆی پێویستی بەوە بێت کە پڕوپاگەندەکانی هێندێ ناوەندی موخابەراتی بڵاو بکاتەوە“.
پێشتر قادر عەزیز، کە لە کۆتایی ساڵی 2016 لە حزبی ئایندەوە چووە ناو یەکێتی و کرایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لە چاوپێکوتنێکدا رایگەیاندبوو، کە قسەکانی ئازاد جندیانی لەبارەی هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی ”ناڕاستن“.
نووسینگەی ئازاد جندیانی هەروەها رایگەیاندووە، کە ”کاک قادر تازەکارە“ و ئاگاداری ئەوە نییە هەموو ئەو خالانەی جندیانی باسی کردووە، ”بونەتە باس وخواسی بەردەوامی کۆڕو کۆبوونەوە ئاساییەکانی خەڵک و میدیاو ناو ڕیزەکانی یەکیەتیش“.
دەقی وەڵامی نووسینگەی ئازاد جندیانی بۆ قادر عەزیز:
سەرچاوەیەکی ڕێگەپێدراو لە نووسینگەی ئازاد جندیانی وەڵامی قادر عزیز ئەداتەوە…
قادر عەزیزی (ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی) لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە وازهێنانی لە یەکیەتی، وتوویەتی کە جندیانی چۆتە ناو حزبێکی تر.
مەبەستی ئەو دەزگاو دامەزراوانەی دەنگۆی لەو جۆرە دروست ئەکەن و بڵاوی ئەکەنەوە ڕوونە کە ئامانجی سەرەکیان تەنیا ئەوەیە کە فۆکسی خەڵک و دیارکراوتریش یەکیەتیەکان لەسەر ئەسڵی ڕوداوەکە لابدەن، کە وازهێنان و دەق و ناوەرۆکی پەیامی وازهێنانەکەیەتی بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی لە وازهێنانەکەیدا ئاماژەی پێداون و وەک چاودێرانیش ئەیڵێن ئەوە تەنیا مشتێکە لەخەروارێک، نەبنە جێ باس و خواسی خەڵکی.
ڕەنگە کاک قادر عەزیزیش وەک هێندێکی تر بۆ پێگەی خۆی پێویستی بەوە بێت کە پڕوپاگەندەکانی هێندێ ناوەندی موخابەراتی بڵاو بکاتەوەو ریکلامی بۆ بکا، ئەگەر بۆ ئەومەبەستەیەتی با کەس گلەیی لێ نەکاو باخێرێکی بەر بکەوێ، بەڵام ئەو بەوەندە نەوەستاوەو بەبڕوا بەخۆبوونەوە ئەڵێ زۆر لە قسەکانی ئازاد جندیانی ناڕاستن.
با لەبەر خاتری ئەو وای دابنێین ڕاست ئەکات ، بەڵام ئەی نابێ بە ڕاگوزەریش بێت ناڕاستیەکان (واتا درۆکان)ی دەست نیشان بکا؟ کام یەکێک لەو خاڵانەی ئازاد جندیانی باسی کردوون ڕاست نیە، با ئەو لوتف بکاو بە بەڵگەوە ناڕاستیەکان بۆ ((جەماوەری خۆی)) و بۆ ڕای گشتی ساغیان بکاتەوە.
کاک قادر تازەکارەو بۆ خۆی واباشترە ئاگاداری لێدوانەکانی بێت و کورد وتەنی پێ لەتەختی چروک نەنێت و پێشی وانەبێ کە شەقامی یەکیەتی و ڕای گشتی ئەو شتانە نازانن، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوشتانەو زۆر زۆرتر لەوەش ئەزانن و ئاگادارن و هەموو ئەو خاڵانە بونەتە باس وخواسی بەردەوامی کۆڕو کۆبوونەوە ئاساییەکانی خەڵک و میدیاو ناوڕیزەکانی یەکیەتیش.
17-2-2017
باسنیوز
