کۆمەڵێک کەلوپەلی ئەنفالکراوەکان بۆ ھەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە
کۆمەڵێک لە کەلوپەلی ئەنفالکراوەکان کە لەکاتی ئەنفالکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەجێماون، گەرێندرانەوە ھەرێمی کوردستان.
پڕۆسەی ئەنفال بەرنامەیەکی پێشوەخت و نەخشە بۆ داڕێژراوبوو بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و دوای رووخانی رژێمی بەعس، چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە و رووفاتەکانییان گواستەوە بۆ زێدی خۆیان و کەلوپەل و پاشماوەکانی ئەنفالیش لە شوێنێکی تایبەت ھەڵگیراون.
لە رێورەسمێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، مەحموود حاجی ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆمەڵێک لە کەلوپەلی ئەنفالکراوەکان لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان.
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان مەحمود حاجی ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمرۆ ئامادەبووین لە پێشوازی کەلوپەلی رووفاتی ئەنفالکراوەکانمان کە ٢٩ ساڵ لەمەوپێش لە چەند کردەوەیەکی کۆمەڵکوژی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندە بەچاڵکران".
گوتیشی: "روفاتەکان کە ھەتا ئێستا گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان ٢ھەزار و ٥٠٠ رووفاتە وبەڵام ئەو کات کەلوپەل و جل و بەرگ و ئەو پێویستیانەی کە لەگەڵیان بووە نەتواندراوە بگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە بەھەوڵێکی زۆری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان و بەتایبەت تیمی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، تواندرا دوای چەند کۆبوونەوەیەک ئەو کەلوپەلانە بھێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان".
مەحمود حاجی ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای ھێنانەوەی ئەم کەلوپەلانە ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانە کە مۆزەخانەیەکیان بۆ بکاتەوە بەمەبەستی پاراستن و ھەڵگرتنیان.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەدا بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان پەری نوری گوتی: "حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا خۆی بە خاوەنی ئەو کەلوپەلانە دەزانی و دەیویست لە بەغدا بمێننەوە و بپارێزرێن، بەو پێیەی تایبەتن بە ھەموو عیراق، بەڵام ئێمە پێداگریمان کرد و سوربووین لەسەر ئەوەی کە بیانھێنینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان تا بەشێوەیەکی زانستی و یاسای بپارێزرێن و ھەڵبگیرێن، چونکە تایبەتن بە کورد و قوربانییەکانیش کوردن".
رونیشیکردەوە کە کەلوپەلەکان ئەوانەن کە لەگۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق ھەڵگیراونەتەوە و کە بریتین لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ( مەھاری و حەمرین و نوگرەسەلمان و تۆپزاوا و حەیدەریە )، ئەمەش بەشی یەکەمی ئەو کەلوپەلانە دەبێت و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: "دوای پشکنینی پزیشکی و ناسینەوەی کەلوپەلەکان لەشوێنی پارێزراودا ھەڵدەگیرێن".
payamner-
