شاندی کوردستان بۆ عەبادی: با دوو دراوسێی باش بین
رۆژی هەینی 17.2.2017، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، شانمدەکەی کوردستانی باشوور سیاسییە و ئەوەندەی بکرێ، پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان تاوتوێ دەکات.
محەمەدی حاجی مەحموود، کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندی کوردستان، هەروەها رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی هەیە، بۆیە بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە میونشن، کراوە.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە شاندەکەی کوردستان لە پراوێزی کۆنفرانسەکەدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە و ئەوە دەخاتە بەر باس، کە حکوومەتی عێراق پابەندی دەستووری وڵات نەبووە و مافەکانی گەلی کوردستانی نەداوە.
محەمەدی حاجی مەحموود ئاشکراشی کرد، کە بە حەیدەر عەبادی رادەگەیەنن، با کوردستان سەربەخۆ بێت و لەگەڵ عێراق ببنە دوو دراوسێی باش.
رۆژی هەینی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی، کە بە کۆنفرانسی میونشن ناسراوە، دەستی بە کارەکانی کرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسیی و سەربازی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکات.
باسنیوز
