بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف: نوێنەرایەتی کوردانی جوو لەکارەکانی بەردەوامە

بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف: نوێنەرایەتی کوردانی جوو لەکارەکانی بەردەوامە


لەبارەی ھەڵپەساردنی نوێنەرایەتیی کوردانی جوو، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئەوقاف، ڕوونکردنەوەیەک دەدات.



مەریوان نەقشەبەندی، بەڕێوەبەری پێکەوەژیان و پەیوەندییەکان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "نوێنەری کوردانی جوو لەوەزارەتی ئەوقاف بابەتێکی بۆ ڕای گشتی، بڵاوکردۆتەوە و دەڵێ نوێنەرایەتیمان لەوەزارەتی ئەوقاف ھەڵپەسارد، بۆیە من بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە کردنەوەی نوێنەرایەتی ئایینەکان لەوەزارەتی ئەوقاف پشتی بەیاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 ی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بەستووە، بەفەرمانی وەزارەتی ئەوقاف ئەو نوێنەرایەتییانە کراونەتەوە و پەیوەندی ئیداریان بەستراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقافە، تەنھا لەدەسەڵاتی وەزارەتیشدایە ئەو نوێنەرایەتیانە ھەڵپەسێرێت یان گۆڕانکاری لەنوێنەرەکانیدا بکات".


بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی وەزارەتی ئەوقاف، گوتیشی: "شێرزاد عومەر، نوێنەری کوردانی مافی خۆیەتی کاری خۆی وەک نوێنەرێکی کوردانی جوو، لە وەزارەت ھەڵپەسێرێت، بەڵام نوێنەرایەتی کوردانی جوو لەکارەکانی بەردەوامە".



ئەمڕۆ 16/2/2017 شێرزاد عومەر، نوێنەری کوردانی جوو، لە وەزارەتی ئەوقاف، لە واڵی تایبەتی خۆی، بڵاوی کردبویەوە کە بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تا کاتێکی نادیار، ھەڵپەسارد.
bas news -
Top