لە سلێمانی فیستیڤاڵی خوێندنەوەی قورئان بەڕێوەدەچێ
لە فێستیڤاڵەکەدا قورئانخوێنان لە وڵاتانى میسر و ئێران و پاکستان ئامادەبوون، بە خوێندنى چەند ئایەتێک لە قورئان و گوتارى سەرپەرشتیار، فێستیڤاڵەکە دەستى پێکرد.
ئاسۆ گەڵاڵى یەکێک لە سەرپەرشتیارانى فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسى هەواڵی "AA" گوتى "دامەزراوەى مەزامیر بەهاوکارى رێکخراوى قوتابیان لە سلێمانى ئەم فێستیڤاڵە لە شارى سلێمانى و هەڵەبجە ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەش بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن".
ئاسۆ گەڵاڵی گوتیشى "ئەم فێستیڤاڵە یەکەمین جارە ئەنجام دەدرێت کە تێیدا 6 قورئانخوێن ئامادەبوون کە هەریەکەیان لە وڵاتانى میسر، پاکستان،ئێران و عێراق بەخوێندنى قورئانى پیرۆز لەم فێستیڤاڵەدا بەشداربوون".
هەروەها قورئانخوێن و سەرپەرشتیارى فیستیڤاڵى مەزامیر، شێخ حسێن بەرزنجى گوتى "دواى هەوڵ و ماندووبونێکى زۆر توانیمان ئەم فیستیڤاڵە ئەنجام بدەین".
گوتیشى "ئامانجى زیاترمان ئەوەیە کە گەنجانى هەرێمى کوردستان هان بدەین بۆ خوێندنى قورئانى پیرۆز و هەروەها گوێیان لە دەنگى جیاواز بێت".
ئەو قورئانخوێنە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە وەزارەتى ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتى هەرێمى کوردستان کەمتەرخەمە بەرامبەر قورئانخوێنان و ئەو فێستیڤاڵانەی ئەنجام دەدرێن وەک پێویست هاوکاری ناکرێن.
bas news -
