وەزارەتی تەندروستی: دامەزراندنی دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی بە قۆناغبەندی دەکرێت
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دامەزراندنی دەرچوانی کۆلێژە پزیشکییەکان بە قۆناغبەندی دەکرێت، چونکە ئێمە پێمان وابوو ئەمساڵ ھەموو دەرچووەکان پێکەوە کە ژمارەیان نزیکەی دوو ھەزار دەرچووە، دادەمەزرێن، بەڵام ئەوە نەکرا"، گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمدا دەرچوانی پزیشکی ھەموویان دامەزران، چاوەڕوان دەکرێت ئەوانی دیکەش بەچەند قۆناغێکی دیکە دابمەزرێن"
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەش دەکات: "دامەزراندی دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی بە ڕێگای قۆناغبەندی ھێشتا وەڵامێکە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەکراوەتە بڕیار، بۆیە کاتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی دیکە دیار نییە، ھەرچەندە وەزارەتی تەندروستی داوای دامەزراندنی ئەو دەرچوانەی کۆلێژی پزیشکی کە ساڵی 2014 دەرچوون، کردووە، بەڵام سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ھێشتا ڕەزامەندی دەرنەبڕیووە".
باسنیوز
