به‌هۆى چوار بۆمبی كیمیاوییه‌وه چه‌ند گوندێكى كوردستان چۆڵ ده‌كرێن
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاشكراى ده‌كات، له‌گه‌ڵ پسپۆڕێكى بوارى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمب، سه‌ردانى گوندى نۆڵچكه‌ى سنوورى شارۆچكه‌ى (دوكان)ـیان كردووه كه چه‌ند بۆمبێكى كیمیاوى سه‌رده‌مى به‌عسى تیادایه و نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه، دواى پشكنین پسپۆڕه‌كه ڕای گه‌یاندووه، كه بۆمبه‌كان ده‌ته‌قێنێته‌وه.
شوان قه‌ڵادزه‌یى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، له لێدوانێكدا به (باس‌نیوز) ى راگه‌یاند : " دواى ئه‌وه‌ى له چه‌ند رۆژى رابردوو سه‌ردانى گوندى نۆڵچكه‌ى شاره‌دێى بنگردى سه‌ر به (دوكان)مان كرد و بۆمان ده‌ركه‌وت كه چه‌ند بۆمبێكى نه‌ته‌قیو له نزیك قوتابخانه‌ى گونده‌كه‌دا هه‌ن و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانى گونده‌كه درووستكردووه، بابه‌ته‌كه‌مان گه‌یانده لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان".
گوتیشى :" بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌هه‌ماهه‌نگی پسپۆڕێكى بیانى به‌ناوى (بۆب) كه شاره‌زا و پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی بواری ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی كیمیاوی و به‌رێوه‌به‌ری چالاكیه‌كانی رێكخراوى (MAG )ـه له كه‌رركوك و سلیمانی، سه‌ردانى شوێنه‌كه‌مان كرد".
ئاشكراشى كرد، كه له میانى لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كاندا، ئه‌و پسپۆڕه پێی ڕاگه‌یاندوون، كه ئه‌وانه بۆمبی كیمیاوین و هه‌وڵى جدی ده‌ده‌ن بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌یان، به‌ڵام ده‌بێت ڕاپۆرتی ته‌واوی له‌سه‌ر ئاماده‌بكه‌ن و په‌یوه‌ندی به هه‌موولایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی كوردستان و عێراقه‌وه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌زووترین كاتدا پوچه‌ڵیان بكه‌نه‌وه "چونكه مه‌ترسیدارن".
هه‌روه‌ها گوتی : " ئه‌و ڕۆژه‌ی كاری ته‌قاندنه‌وه و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆمبه كیمیاویانه ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ده‌بێت گونده‌كانی ده‌وروبه‌رى (نۆڵچكه) تا ده‌گاته مه‌رگه و بنگرد چۆڵبكرین و جل و به‌رگی دژه كیمیاوی بپۆشن، به‌ڵام له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ڕه‌شه‌با هه‌بێت، پێویسته رێوشوێنى دیكه بۆ چۆڵكردنى ناوچه‌كانى سنووره‌كه بگیردرێته‌به‌ر".
bas news-
