دیندار زێباری: ئەو منداڵانەی تێوەگلان لە تیرۆر، وەك قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت

دیندار زێباری: ئەو منداڵانەی تێوەگلان لە تیرۆر، وەك قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت
رۆژی 1/2/2017 ماڵپەری فۆرین پۆلیسی راپۆرتێكی بە ناوی: (هەرێمی كوردستان منداڵان ئەشكەنجە دەدات)، بڵاو كردووەتەوە سەبارەت بەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە كاری تیرۆریستی لە هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش دەڵێت، ئەو منداڵانە وەك قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

لەم بارەیەوە (د. دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان و ئاوارە بوون سەدان هەزار كەسی ناوچە جیاجیاكانی عێراق و پەنابردنیان بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی رزگاربوونیان لە دەست تیرۆریستانی داعش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێكی ئەمنی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ئەو ئاوارە و راگوێزراوانە و ئاساییشی شارەكانی هەرێم، هیچ كەسێك بە بێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشیان مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان بەم پێیەیش تۆمەتبارەكە وەك مافێكی خۆی بۆی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە، دواتر كەیسەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی بەپێی یاسا".

(زێباری) گوتیشی: "لە كاتی دەستگیركردنی هەر گومانلێكراوێك ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواو كردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ كاتژمێری پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێكۆڵینەوەكە بنێردرێتە یەكێك لە داداگا تایبەتمەندەكان و بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەكانی هەرێم بكەن ئەوا لە هەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانن، بەڵام پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم لە كارە هەرە لە پێشینەكانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە".

ئەوەیشی خستە روو كە لە كوردستان تەمەنێك دیاری كراوە بۆ دەستگیركردنی منداڵان و سزادانیان و لەم بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە لە هەرێمی كوردستان و گومانیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار و گرنگییەكی تایبەتییان پێ دەدرێت، ئەم پرۆسەیەیش بە هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناحكوومییە بیانییەكان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەكان پابەندن كە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن، چونكە بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی 2001ی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ سەپاندنی سزا (١١) ساڵە و سووكترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەكان واتا كە سەرپێچی بكرێت هۆشداری پێ دەدرێت ئەگەر تاوانەكە نەكەوێتە چوارچێوەی تیرۆر، و قورسترین سزایش سپاردنە بۆ ماوەی 5 ساڵ بە قوتابخانەیەكی پێگەیاندن، بەڵام لە هەندێ حاڵەتیشدا نیازی پەیوەندیكردن بە گرووپێكی چەكداری تیرۆریستی هەبێت كە بەپێی یاسا پێی دەگوترێت (شروع) بەڵام كە كۆتایی و ئەنجامی نەبووە ئەوا لێرەدا سزاكە بەپێی تەقدیری دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزای لەسێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناكرێت".

(د. دیندار) ئەوەیشی راگەیاند: "دەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەكردنی كەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵی 2016 لە دادگای هەولێر نزیكەی (٢٢) دۆسیەی تایبەت بە كەیسی نەوجەوانانی چەكدار یان پەیوەندیكردن بە داعشەوە هەبووە لەوانە (١١) كەیس یەكلا بوونەتەوە و ئەوانی دیكەیش لە ژێر لێكۆڵینەوە و پڕۆسەی دادگاییكردندان و دوا ناخرێن، بەڵام ئەوانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیر كراون و كەیسەكانیان یەكلا بووەتەوە و سزا دراون چواردە كەس بوون سزاكانیشیان لە نێوان یەك ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و هەشت كەسیش ئازاد كراون، (١٠) كەیسیش یەكلا نەكراونەتەوە، هەروەها بە پشتبەستن بە ماددەی (٤٩) یاسای پاراستنی نەوجەوانان دادوەری لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی نەوجەوانان تایبەتە بە بینینی ئەو داوایانە و لە كاتی نەبوونی دادوەری لێكۆڵینەوەی نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێكی لێكۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە كاتی نەبوونی دادوەری لێكۆڵینەوەیش لێكۆڵەرەوەی دادوەری ئەو كارە دەكات و لە هەموو حاڵەتەكان دەستگیركراوەكە دچێتە بەردەم دادوەر".

سەبارەت بە ئەشكەنجەدانی ئەو كەسانەیش كە دەستگیر دەكرێن، گوتی: "بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو و، هەر تۆمەتبارێك لەكاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لە رووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات دژی ئەو كەسەی ئەشكەنجەی داوە، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی (19/ سێیەم)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بەڵام هەندێك جار گومانلێكراو یاخود تاوانبار كاتێك رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە هان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاكانی پۆلیس وا نیشان بدات كە ئەشكەنجەیان داوە".

دەشڵێت: "هەركەسێك دەستگیر دەكرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنی تەواو بێت، بە بڕیاری دادوەر رادەگیرێت بەپێی ماددەی یاسایی تایبەت بە تاوانی خۆی و بە هیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نادرێت یان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵ ناكرێت وەك گشت زیندانییەك مافی خۆی هەیە، بۆ نموونە هەفتانە دوو رۆژ رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەردانی گشت بەندكراوەكان دەكات، هەروەها هەر بەندكراوێك دەتوانێت هەر داواكاریەكی هەبێت بەرزی بكاتەوە لە رێگای ئیدارەی بەندیخانە یان داواكاری گشتی یان لە رێگای كەسوكاری كاتێك سەردانی دەكەن یان لە رێگای رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی زیندانیان وەك رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، لەلایەكی دیكەوە هەر منداڵیك بە هەر هۆكارێك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان وەكو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بە باشی لە لایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و هەوڵ دراوە ئەو كەسانە سوودمەند بكرێن لە سیستەمەكانی (فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمەڵایەتی و فێركردنی كاری دەستی). لە كاتی هاتنی ئاوارەكان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ منداڵی بێسەرپەرشتیار دەكرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت".
kdp-
Top