"لەبەر نائارامیی لای چەپی مووسڵ، ئەنجوومەنی پارێزگا لە باشیك كۆ دەبێتەوە"

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، بە هۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنی لەنێو شاری مووسڵ، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەبارەی سێ پرسەوە لە شارەدێی باشیك بەڕێوە دەچێت.

(سەیدۆ چەتۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر نائارامیی بارودۆخی ئەمنی لە لای چەپی شاری مووسڵ، ئەمرۆ چوارشەممە سەعات (12)ـی نیوەڕۆ، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبوونەوەی خۆمان بەپێی یاسا لە ناوچەیەكی تری ئیداریی سەر بە پارێزگای مووسڵ ئەنجام دەدەین كە لە شارەدێی باشیك دەبێت".

(چەتۆ) گوتیشی: "سێ بابەتی گرینگ لە كارنامەی ئەمڕۆی ئەنجوومەندا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، لەوانە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا دادەنرێن، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر (داوود بابە) دەدرێت وەكو نوێنەری كۆتای مەسیحییەكان لە شوێنی (ئەنوەر مەتی) كە كۆچی دوایی كرد".

ئەو هەروەها گوتی: "لە دانیشتنی ئەمرۆدا، ئەندامانی ئەنجوومەنیش ڕا و بۆچوونی خۆیان دەبێت لەبارەی پرسەكانەوە و، دواتر گفتوگۆ و پەسەند دەكرێن".
kdp-
Top