عەلی عەونی: هەندێ لایەن تووشی وەهمی دیموکراتیکردنی بەغدا هاتوون؛ دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە بەردەم کورد
(عەلی عەونی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''شۆڕشەکانی (شێخ عوبەیدیللای نەهری) و (شێخ سەعیدی پیران) و (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) و (شێخ مەحموودی حەفید)، هەموویان داوای کوردستانی سەربەخۆیان کردووە. ئێستا کوردستان لەسەر دووڕێیانی کوردستانێکی سەربەخۆ، یان گەڕانەوە بۆ بەغدادایە و، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە ئاخۆ ئەو عێراقەی پێی دەگوترا شەراکەت ماوە؟ بێگومان نەخێر، ئەوە قسەیەک بوو، کرا و، ئێستا هەندێک لایەن بە بیری زۆرینە کار دەکەن، دەیانەوێت هەرچی یاسا هەیە بە زۆرینەی خۆیان لە پەرلەماندا پەسەندی بکەن.''
(عەلی عەونی) دەڵێ: ''زمانی کۆمەڵگەی کوردستان بە بیری سەربەخۆیی ڕاهاتووە، ئەوە مافێکە و کەس ناتوانێت لە خەڵکی کوردستانی زەوت بکات. ئێستاش کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم گۆڕانی گەورەدایە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کوردستانیان ڕەخساوە، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ڕاگەیەنن. ئەو لایەنانەی بیانوو دێننەوە و هەلومەرج بە گونجاو نازانن، هەڵگرانی هزری خۆ بە کەمەنەتەوە زانین و تووشی وەهمی دیموکراتیکردنی بەغدا هاتوون. ئەوان دەزانن زۆربەی هەرەزۆری گەلی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدان.''
(عەلی عەونی) دەشڵێ: ''ئەگەر دیسان بچینەوە بەغدا، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت دەسەڵاتدارانی عەرەب هەندێک نەرمی بنوێنن، بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونەوەیان، دەگەڕێنەوە سەر ڕەفتاری ئێستایان و خراپتریش.''
kdp-
