مووچەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی بە دوو مووچە ھەژمار ناکرێت

 	 مووچەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی بە دوو مووچە ھەژمار ناکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، مینحە و مووچەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەھیدان وەک مووچە ھەژمار ناکرێت و لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا لەبەرچاو دەگیرێت. دەشڵێ، چەند لیستێکی دیکەی ناوی زیندانیانی سیاسی بۆ پەسەندکردن لەلای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

(ئەحمەد مام ڕەسول)، بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، نوسراوی فەرمیمان دەربارەی مینحەی زیندانیانی سیاسی و مووچەی کەسوکاری شەھیدان، بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ناردووە، کە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧، تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و، یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ی زیندانیانی سیاسی، ئەو پارەیەی مانگانە بۆیان خەرج دەکرێت، وەک مینحەیە، نەک مووچە، لەبەر ئەوەش ھەرزیندانییەکی سیاسی مووچەی دیکەی ھەبێت، مینحەی زیندانییەکەی وەک مووچەی دووەم ھەژمار ناکرێت.''

بەڕێوەبەری زیندانیانی سیاسی گوتی: ''داوامان لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان کردووە، مینحەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بایۆمەتریدا لەبەرچاو بگیرێت. ئەو فۆڕمانەی لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا پڕدەکرێنەوە، دیارن. ئەم بابەتە بە ھەموو سنوورەکانیش ڕاگەیەنراوە.''

(ئەحمەد مام ڕەسول) گوتیشی: ''ئێستا ٥١٦٢ زیندانی سیاسیمان ھەیە، کە لە ھەرچوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە مینحەیان بۆ بڕاوەتەوە و، چەند لیستێکی ناوی زیندانیانی سیاسیش لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی پەسەندکردنن، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە ڕاگیراون.''
kdp-
Top