چاودێران: سەردەمی گوشارەکانی مالیکی بەسەرچووە؛ ئێستا کاتی سەربەخۆییی کوردستانە

چاودێران: سەردەمی گوشارەکانی مالیکی بەسەرچووە؛ ئێستا کاتی سەربەخۆییی کوردستانە
بە بڕوای چاودێران و هاووڵاتیان، تەجرەبەی (مالیكی) لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هۆی سەرەكیی هەمووی ئەو نەهامەتیانەیە، كە بەسەر عێراق و كوردستانیشدا هاتوون. ئێستاش خەریكی پیلانگێڕییە و دەوڵەتی سێبەر و میلیشیاكانی بەرداوەتە گیانی عێراق. (مالیكی) بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەستوور و بەندەكانی دەستوور، قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی. بۆیە پێویستە كورد لە چوارچێوەی مافێكی یاسایی و دەستووریدا، بەپێی مافەكانی مرۆڤ، ئایندەی خۆی دیاری بكات، چونكە ئێستا هەلومەرجێكی باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە.

(د. سانع سەبری)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''عێراق لەسەر بنەمایەكی هەڵە دامەزراوە. هەموو ئۆمێدەكان لەسەر ئەوە بوون، كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، عێراق پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە و، هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستوورێكدا جێیان دەبێتەوە، كە خەڵكی عێراق دەنگی بۆ داوە و، عێراقێكی مۆدێرن دادەمەزرێت و هەموو پێكهاتەكان بە حەز و ئاواتەكانی خۆیان دەگەن. بەڵام بەداخەوە، دوای نەمانی ڕژێمی سەدام، حوكمڕانانی بەغدا بەهەمان نەفەسی جاران لەگەڵ كورد و كوردستان هەڵسوکەوتیان كرد، بەتایبەتی لەسەردەمی (نووری مالیكی)دا، كە خەندەقی بۆ دژایەتیی گەلی كورد لە هەموو ڕوویەكەوە لێدا، تا ئەوەی كە بەبێ ڕەچاوکردنی دەستوور و، بە خۆدزینەوە لە ماددەكانی دەستوور قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی. بۆیە ئێستا بۆ هەموو خەڵك ڕوون بووەتەوە، كە عێراق لەسەر دەستی حوكمڕانانی ڕابردوو و ئێستا، وڵاتێكی فاشیلە و چاوەڕوان ناكرێت بەو ئەقڵییەتەی ئێستاش عێراقی لەسەر ڕاوەستاوە، هیچ چارەسەرێك هەبێت.''

(شێروان قادر)، مامۆستای زانكۆی دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''دەبێ ڕێ بە كورد بدرێت لە چوارچێوەی مافێكی یاسایی و دەستووریدا، بەپێی مافەكانی مرۆڤ، ئایندەی خۆی دیاری بكات. ئێستا هەلومەرجێكی باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئایندەی خۆی دیاری بكات، چونكە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، كورد پێکهاتەیەکی بەرچاو و دیارە، بۆیە دەبێت نێوماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و لە چوارچێوەی ستراتیژییەكی توكمەدا بە هەموو جیهان ڕابگەیەنین، كە كوردستان چی دیكە ناتوانێت چاوەڕێی ئایندەیەكی نادیار بكات. بۆیە دەبێ ئێستا هەموو كێشە بچووكەكانی نێوخۆ وەلاوە بنێین و، كۆك بین لەسەر ستراتیژییەک و هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بگاتە ئەو شوێنەی كە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و كیانی خۆی دابمەزرێنێت.''

(عەلی سلێمان)، فەرمانبەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(مالیكی) بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات وەك دیكتاتۆرێك دەست بەسەر كورسیی دەسەڵاتدا بگرێت و، دەیەوێت جارێكی دیكە بێتەوە سەر حوكم. (مالیكی) نوێنەری سیاسەتی ئێرانە لە عێراق. كورد بە هەموو جیهانی نیشان داوە، کە ئیدی زۆرداری قبووڵ ناكات و ناچێتە ژێرباری (مالیكی)یەوە و فشارەكانی قبووڵ ناكات، ئەوەش وای كردووە دارودەستەكەی (مالیکی) هێندەیان ڕق لە كورد بێت، كە خەریكە توشی هیستریا دەبن. هەموو وڵاتانی جیهان پشتگیری لە كورد و سەرۆكەكەی دەكەن، کەچی (مالیكی) لەگەڵ کورد دوژمنایەتی دەکات.''
kdp-
Top