فرسەت سۆفی: ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ سەرەتایە و بەم نزیکانە شتی گەورەتری بەدوادا دێت

فرسەت سۆفی: ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ سەرەتایە و بەم نزیکانە شتی گەورەتری بەدوادا دێت
ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، (فرسەت سۆفی) ئاشکرای کرد، ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ دەربارەی گەندەڵی بڵاوکراوەتەوە، سەرەتایە و لە داهاتوویەکی نیزیکدا شتی گەورەتری بەدوادا دێت و ئەنجامەکەیشی لە ئایندەیەکی نیزیکدا وەدیار دەکەوێت.

(د. فرسەت سۆفی)، ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرەتایە و قۆناخی یەکەمە و، بۆ نەھێشتی گەندەڵی شتی زۆر گەورەی بە دوادا دێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.''

(د. فرسەت سۆفی) گوتی: ''ئومێدمان ھەیە، شتی گەورەتر بکەین و لە ئایندەیەکی نیزیکدا ئەنجامەکەیشی وەدەر دەکەوێت.''

ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ڕوونی کردەوە: ''پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و ھەموویشی لەژێر سەرپەرستیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندایە و، حکوومەت و دیوانی چاودێریی دارایی و داواکاری گشتی و ئێمەش، وەکو لیژنە، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەو خاڵانەی سەرۆکی ھەرێم ڕایگەیاندوون و، لە داهاتوویەکی نیزیکدا ھەندێکی دیکەیشی بەدوادا دێت.''

(فرسەت سۆفی) دەشڵێ: ''لیژنە دروست دەکرێن، کار دەکەن و ھەڵدەوەشێنەوە و، ھەندێک لیژنەی دیکە دروست دەکرێن. بڕیاریشە لە داھاتوودا لیژنەیەکی جێگیر دروست بکرێت و بە بەردەوامی کاری خۆی بکات، بەڵام لە ڕابردوودا بۆ ھەرکارێک لیژنەیەک دروست کراوە.''
kdp-
Top