سەعدی ئەحمەد پیرە: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتی دەست بەگفتوگۆ و دانوستان دەکەینەوە

 سەعدی ئەحمەد پیرە: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتی دەست بەگفتوگۆ و دانوستان دەکەینەوە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "چاوەڕوان دەكەن هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتی دیموكراتیی كوردستان دەست بە گفتوگۆ و دانوستانەكانیان بكەنەوە”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕای گەیاند: “لە كۆبوونەوەی پێشوودا لەگەڵ شاندی دانوستانەكانی پارتی دیموكراتیی كوردستان، بە ئەندامانی شاندەكەیان گوتووە كە دەتوانن كێشە و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەشت ناونیشاندا كۆبكەنەوە و چارەسەریان بكەن”. ڕوونیشی کردەوە، ناونیشانەکان بریتین لە: "نەبوونی هاوسەنگیی دەسەڵات، پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، پرسی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كورتترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و ئابووری، شەفافیەت لە بازاڕی نەوت، سیاسەت و پەیوەندییەكانی دەرەوە، ناردنی دەستەیەك بۆ بەغدا لە نوێنەری هەموو حزبەكان و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان".

سەعدی پیرە ئەوەشی گوت: "وەك مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، كۆبوونەوەمان هەیە، لەم كۆبوونەوەیەدا رەشنووسی نەخشە ڕێگایەكمان هەیە و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بەئومێدی ئەوەی دوای ئەوە لە ڕۆژی شەممە و یەكشەممەی داهاتوو، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی پەسەندی بكەین، ئەوەش دەكاتە پڕۆژەی ئێمە بۆ كاری هاوبەش و گفتوگۆ و گەیشتن بەئەنجام، دواتر ئەو نەخشە ڕێگایە لە ڕۆژنامەكان بڵاو دەكەینەوە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو لەگەل پارتی کۆببینەوە".






باسنيوز
Top