تیمی گەڕۆكی بایۆمەتری بۆ تۆماركردنی ناوی پێشمەرگە پێكدەهێندرێت

 تیمی گەڕۆكی بایۆمەتری بۆ تۆماركردنی ناوی پێشمەرگە پێكدەهێندرێت
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی رای گەیاند، بەمەبەستی تۆماركردنی ناوی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هەڵبژاردنەكان، چەند تیمێكی گەڕۆكیان دروست كردووە.



هاوڕێ‌ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی، لە لێدوانێكدا راگەیاند: بەهۆی ئەوەی بەردەوام هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانن و كاتی كەمیان هەیە بۆ خۆتۆماركردن لە سیستمی بایۆمەتریی هەڵبژاردن، بۆیە بە هاوكاریی وەزارەتی پێشمەرگە، چەند تیمێكی گەڕۆكی تۆماركردنی ناوی پێشمەرگەمان پێكهێناوە".



گوتیشی: "ئەو تیمانە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەن و ناوی پێشمەرگەكان لە سیستمەكە تۆمار بكەن".



هاوڕێ‌ تۆفیق باسی ئەوەشی كرد كە "كارەكە بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەك تا ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن چ لە هەرێمی كوردستان، یان لە عێراق هەتا كارەكە تەواو دەبێت".



ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاشكراشی كرد "دوای تەواوبوونی كاری تۆماركردنی پێشمەرگە لە سیستمی بایۆمەتری هەڵبژاردنەكان، ئامارێكمان دەست دەكەوێت كە دەتوانرێت بۆ هەڵبژاردنەكان و كارە پێویستییەكانی تر پشتی پێ‌ ببەسترێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو ئامارە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی ئاشكرا ناكرێت.







باسنیوز
Top