له‌م میحوه‌ره‌ شكست به‌ پلانێكی داعش دێنن

له‌م میحوه‌ره‌ شكست به‌ پلانێكی داعش دێنن
لە نزیک گوندی مەلا عەبدوڵڵای سنووری کەکووک و سەخرە داعش هەوڵیدا سەنگەرەکانی پێشمەرگە بتەقێنێتەوە، بەڵام هێزی پشتیوانی یەکی پێشمەرگە دەستیان بەسەر تەقەمەنییەکاندا گرت و شكستیان بە پیلانەكە هێنا.

رۆژی دووشەممە 13-2-2017، پیلانێكی داعش لەلایەن كەتیبەی ئه‌ندازه‌یی سەربازی سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یەک پووچەڵكرایەوە. پیلانەكە بریتبوو لە گواستنەوەی بۆمبی دەستكرد و تەقەمەنی لەڕێگەی ئاوی و بە چووپی تایە بۆ نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە و تەقاندنەوەیان.

عەمید مقداد زێباری، لە بەشی هەندەسەی هێزه‌كانی پشتیوانی یەک رایگەیاند "رۆژی دووشەممە چەکدارانی داعش لەڕێگەی حەویجە بۆ نزیک گوندی مەلا عەبدوڵڵا و سەخرە لەڕێگەی ئاوی و بە چووپی تایە ئەو كەلوپەلانەی پێویست بوون بۆ تەقینەوە پەڕاندبوونیانەوە".

ئەو عەمیدەی هێزی پێشمەرگە لەبارەی هۆکاری ناردنی تەقەمەنییەكان گوتی "ئەوان چەند پارچە تەقەمنییەک و چەند بۆمبێكی دەستكردنیان پێبوو و لەنێو چووپی تایە حەشاریان دابوو، تاوەكو كردەی خۆكوژی یان تەقینەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەنجام بدەن، بەڵام پیلان و خەونی داعش جارێكی دیکە لەلایەن كەتیبەی ئه‌ندازه‌یی سەربازی سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌ییه‌كه‌مانه‌وه‌ پووچەڵكرایەوە و پیلانه‌كه ‌لەگۆڕ نرا".
payamner-
Top