پارەی زبڵ و خاشاکی ماڵان لە رێگەی پسولەی مۆلیدە ئەھلیەکان وەردەگیرێت

پارەی زبڵ و خاشاکی ماڵان لە رێگەی پسولەی مۆلیدە ئەھلیەکان وەردەگیرێت
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کەوتوون بڕیارە پارەی زبڵ و خاشاکی ماڵان لە رێگەی پسولەی مۆلیدە ئەھلیەکان لە ھاوڵاتیان وەربگیرێت.

بەپێی زانیاریەکان مانگانە لە رێگەی پسولەی پارەی مۆلیدە پارە لە ھاوڵاتیان وەردەگرێت ھەرکەسێکیش پارەکە نەدات ئەوە کارەبای مۆلیدەی لێ دەبردرێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە شارەوانی ھەولێر کە نه‌یوهیست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌باسی گووت: ئەو زانیاریانە راستن و بڕیارەکە لە مانگی داھاتوو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

بەرپرسێکی مۆلیدە ئەھلیەکانیش ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌، ئەو پێشنیازەیان پێ راگەیاندراوە و چاوەڕوانی چۆنیەتی جێبەجێکردجنی میکانیزمی بڕیارەکەن.

عەبدولحەمید مەجید بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە باسی راگەیاند: وەزیری شارەوانی دەسەڵاتی بە شارەوانیەکان داوە کە ئازادن بە چ رێگە و میکانیزمێک پارەی زبڵ و خاشاک کۆ دەکەنەوە، گوتی: شارەوانیەکان دەسەڵاتی تەواویان ھەیە بۆ ئەوەی پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتی کۆکردنەوەی زبڵ و خشاک بنێرن بۆ وەزیری شارەوانی ئەویش پەسندی دەکات ئەو کات بەرپرسیاریەتی کۆکردنەوەی پارەکە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانیەکان.

روونی کردەوە دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی نووسراویان بۆ شارەوانییەکان ناردوە و و ھەندێک لە شارەوانییەکان پێشنیازەکانی خۆیان نوسیووە و بۆ وەزیریان ناردۆتەوە.

ئه‌وجەختی کردەوە ئەگەر شارەوانیەکان پێیان باش بێت لە رێگەی پسولەی پارەی مۆلیدە پارەی زبڵ و خاشاک کۆبکەنەوە ئەوە بەرپرسیاریەتیەکە دەگەرێتەوە بۆ خۆیان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی دەشڵێ: خۆی بڕیارەکە لە ١ی ١ی ٢٠١٧ یه‌ بەڵام پێدەچێت ئەو پرۆسەی پارە وەرگرتنەکە لە مانگی ٣ بخرێتی بواری جێبەجێکردنەوە"

بەپێی بڕیارەکە ھەر ماڵێک لە بەرامبەر کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، پێویستە مانگانە بڕی ٣ بۆ ٥ ھەزار دینار بدات.



payamner-
Top