ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر: پێویستە نرخی ئامێری کەناڵە ناوخۆییەکان لە ٢٠ھەزار دینار تێپەڕنەکات

ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر: پێویستە نرخی ئامێری کەناڵە ناوخۆییەکان لە ٢٠ھەزار دینار تێپەڕنەکات


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت: بانگھێشتی کۆمپانیای "میکس میدیا" و نوێنەری کەناڵە ناوخۆیەکانمان کردووە و داوامان کردووە لە بەرامبەر ئەو ئامێرەی دەفرۆشرێتە ھاوڵاتیان بۆ کردنەوەی کەناڵە ناوخۆییەکان شتێکی رەمزی بێت و لە ٢٠ھەزار دینار تێپەڕنەکات.



ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان "یاسین سەلیم مزووری " بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "دوای ئەوەی کۆمپانیای میکس میدیا ئامێرێکی ھێناوە کە بە ٩٠ھەزار دەیفرۆشێت بە ھاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن کەناڵە ناوخۆییەکانی پێ بکەنەوە، ئەمەش گلەیی لای ھاوڵاتیان دروست کردووە بەم قەیرانە ئابووریەی ھەیە، ئێمە وەکو ئەنجومەن بانگھێشتی ئەو کۆمپانیایە و نوێنەری ھەموو کەناڵەکانمان کردووە و گلەیی ھاوڵاتیانمان پێگەیاندوون و چەند پێشنیارێکیش خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."



یاسین سەلیم مزووری گوتی: کۆمپانیاکە باسی لەوە کردووە لە ساڵی٢٠١١وە بەبێ بەرامبەر خەڵک توانیویەتی سەیری کەناڵە ناوخۆییەکان بکات کە ئەمە وەکو ئۆڤەرێک بووە، بەڵام ئێستا مافی خۆیانە ئەو ئامێرە بێنن، بۆ ئەوەی قازانجی لێ بکەن.



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ئێمە پشتگیری خۆمان بۆ خەڵکی دووپات کردەوە و داواشمان کرد پێویستە گۆڕانکاری لە نرخی ئەو ئامێرانە بکرێت و شتکێی رەمزی لە خەڵک وەربگیرێت کە لە ٢٠ھەزار دینار تێپەڕنەکات، بۆیە ئێمە بەردەوام لەسەر خەت دەبین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
payamner-
Top