سەعید شنگالی: پەكەكە بە پشتگیریی مالیكی لە شنگال ماوەتەوە
(سەعید شنگالی)، بەرپرسی پێشووی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال و كەسایەتیی ناوچەكە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پەكەكە بە پشتگیریی (مالیكی) تا ئێستا لە شنگال ماوە، مانەوەشیان بۆ تێكدانی ڕەوشی نێوخۆی شنگال و هەرێمی كوردستانە. هەروەها دەیانەوێت لەنێوان موسڵمان و ئێزدییەكانی شنگالدا کێشە دروست بکەن، بەڵام ئەوەیان پێ ناكرێت، چونكە هەمووی ئەو پێكهاتانەی لە شنگالدا دەژین، وەك برا دەژین و دژی ئەو كەسانە دەوەستنەوە، كە دژی ئەوان وەستاونەتەوە.''
ئەو کەسایەتییە شنگالییە گوتیشی: ''ئەندامانی پەكەكە لە شنگال دەیان ئۆتۆمبێلی بێتابلۆ و جامڕەشیان پێیە و، ئەوەیش بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكەیە و، كەس نازانێت ئەو ئۆتۆمبێڵانە بۆ چی هێنراونەتە ناوچەكە و چ كارێكیان پێ دەكەن. بۆیە داوا لە پەكەكە دەكەین، ئەگەر خۆی بە هێزێكی كوردی دەزانێت، با ناوچەكە چۆڵ بكات و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە كە لێوەی هاتووە، بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان و ناوچەكە ئاوەدان ببێت.
kdp-
