"حکوومەت مامەڵەی کوردەکان لە بەغدا جێبەجێ ناکات"

- کارگێڕی ڕێکخستنی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، حکوومەتی عێراق لە دامودەزگا حکوومییەکاندا کاروباری کوردەکان جێبەجێ ناکات، بۆیە ئێستا ھەموو کوردەکان بەھیوای ئەوەن ھەرێم ببێتە دەوڵەت.

(ئیسماعیل سایەمیر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کاروباری کوردەکانی بەغدا لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقەوە ڕایی ناکرێت، لەبەر ئەوەی کوردن. بێجگە لەوەش نە هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش دەکرێت و نە لە پلەکانی دامەزراندندا هیچ مافێکیان بۆ ڕەچاو دەکرێت.''

(ئیسماعیل سایەمیر) گوتی: ''کوردانی بەغدا هیواخوازن ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەت و خەون بەو ئاواتەوە دەبینن، چونکە ئەمە خەونی ھەموو تاکێکی کوردە.''

کارگێڕی ڕێکخستنی لقی پارتی گوتیشی: ''کوردانی بەغدا گلەییی لەوە دەکەن، کە باسی کوردستان دەکرێت، زیاتر دەگوترێت لە زاخۆ تا خانەقین، بەڵام پێویستە باسی مەندەلی و ناوچەکانی دیکەش بکرێت، چونکە ئەوانیش ناوچەگەلی کوردستانین.''
kdp-
Top