بەشێک لە فەرمانبەرانی دوو مووچە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن دەست لەکار دەکێشنەوە
ئاوازحەمیدەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، بەھۆی پیادەکردنی سیستەمی بایۆمەترییەوە، لە ھەندێک فەرمانگە دەست لەکارکێشانەوەی فەرمانبەران زۆر زیادی کردووە”.
گوتیشی: “لێکۆڵینەوەی وردم لەم بابەتەدا کردووە و بۆم دەرکەوتووە کە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە پێوەندی بەوەوە ھەیە کە ئەو فەرمانبەرانە لە چەند شوێنی دیکەیش دامەزراون و مووچەیان ھەیە، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن ئەو کارە دەکەن”.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە، فەرمانبەری وەھمی و چەند مووچەیی لە رێگەی سیستەمی بایۆمەتری ئاشکرا دەبن، گوتی: “سیستەمی بایۆمەتری چارەسەری مووچەی وەھمی و دوومووچەیی و سێ مووچەیی دەکات، بەڵام بۆ چارەسەری بندیوار دەبێت لەنێو فەرمانگەکان ئیجرائاتی توند بکرێت”.
ئەو روونیشی کردەوە، ئەوانەی دوو مووچەیان ھەیە بە دەست لەکارکێشانەوەکەیان دەیانەوێت باشترین مووچە ھەڵبژێرن و دۆسیەی پێشووتریان دابخرێت، کە مووچەیان پێ وەرگرتووە.
لە ھەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار کەس مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، کە ٧٠٠ ھەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن و ٧٠٠ ھەزارەکەی دیکەش بریتین لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و خانەنشینان، بە بڕوای چاودێرانی کارگێڕی و دارایی، لەنێو ئەو ئامارەدا دوومووچەیی و سێ مووچەیی زۆر ھەیە.
محەمەد ھاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەت بۆ نەھێشتنی دوومووچەی و رێکخستنەوەی مووچەیە، راشی گەیاند کە ئەو سیستەمە شتێکی باشە بۆ ئاشکراکردنی دوومووچەیی و سێ مووچەیی، گوتیشی: “لەبەرئەوەی پەنجەمۆر لە ھەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران وەردەگیرێت، بۆیە دوای ئەوە ھەموو دوو مووچەیی و سێ مووچەییەکان ئاشکرا دەبن، چونکە ھەر فەرمانبەرێک دەتوانێت لە یەک شوێن مووچە وەربگرێت”.
د. محەمە عوزێرە، شارەزای کارگێڕی و دارای رایگەیاند، ئەو دەست لەکار کێشانەوەیەی بەشێک لە فەرمانبەران دەیکەن بۆ دەربازبوون لە دوومووچەیی کارێکە بۆ خۆدزینەوە و سووڕانەوەیە لە یاسا، گوتی: “ئەگەر لە فەرمانگەکان بەبێ مەرج ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە قبووڵ بکرێ و لێکۆڵینەوەی تێدا نەکرێت، ئەوا ئەو کەسانە لە رووبەڕووکردنەوەی دادگا دەربازیان دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت جۆرێک چاوپۆشی دەکات لەو جۆرە بابەتانە، بۆ ئەوەی رزگاری بێت لەو جۆرە کەسانە: "لە ھەندێک شوێن دەست لەکارکێشانەوە بەلێشاو بووە، بۆ نموونە لە وەزارەتێک ٦٠ کەس بە شوفێری ئیسعاف دامەزراون، بەڵام ئەو وەزارەتە ئیسعافی نییە، بۆیە دیاردەی دوومووچە و سێ مووچە و بن دیوار زۆرە و ھەندێک بە دەست لەکارکێشانەوە خۆیان رزگار دەکەن”.
بەپێی یاسا، ھەر کەسێک دوو مووچە بە نایاسایی لە حکوومەت وەربگرێت، سزای بەندکردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و دەبێ ئەو پارانەی پێشووش بگەڕێنێتەوە کە وەری گرتووە.ا
باسنيوز
