بەشێک لە فەرمانبەرانی دوو مووچە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن دەست لەکار دەکێشنەوە

 بەشێک لە فەرمانبەرانی دوو مووچە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن دەست لەکار دەکێشنەوە
بەھۆی پیادەکردنی سیستەمی بایۆمەتری، لە ھەندێک لە فەرمانگەی حکوومی بۆ دەربازبوون و ئاشکرانەبوونی دوومووچەیی، ھەندێک لە فەرمانبەران دەست لەکارکێشانەوەیان لە یەکێک لە وەزیفەکانیان پێشکەش کردووە ئنجا خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار دەکەن.

ئاوازحەمیدەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، بەھۆی پیادەکردنی سیستەمی بایۆمەترییەوە، لە ھەندێک فەرمانگە دەست لەکارکێشانەوەی فەرمانبەران زۆر زیادی کردووە”‌.

گوتیشی: “لێکۆڵینەوەی وردم لەم بابەتەدا کردووە و بۆم دەرکەوتووە کە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە پێوەندی بەوەوە ھەیە کە ئەو فەرمانبەرانە لە چەند شوێنی دیکەیش دامەزراون و مووچەیان ھەیە، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن ئەو کارە دەکەن”.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە،‌ فەرمانبەری وەھمی و چەند مووچەیی لە رێگەی سیستەمی بایۆمەتری ئاشکرا دەبن، گوتی: “سیستەمی بایۆمەتری چارەسەری مووچەی وەھمی و دوومووچەیی و سێ مووچەیی دەکات، بەڵام بۆ چارەسەری بندیوار دەبێت لەنێو فەرمانگەکان ئیجرائاتی توند بکرێت”.

ئەو روونیشی کردەوە، ئەوانەی دوو مووچەیان ھەیە بە دەست لەکارکێشانەوەکەیان دەیانەوێت باشترین مووچە ھەڵبژێرن و دۆسیەی پێشووتریان دابخرێت، کە مووچەیان پێ وەرگرتووە.

لە ھەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار کەس مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، کە ٧٠٠ ھەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن و ٧٠٠ ھەزارەکەی دیکەش بریتین لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەھیدان ‌و ئەنفالکراوان و خانەنشینان، بە بڕوای چاودێرانی کارگێڕی و دارایی، لەنێو ئەو ئامارەدا دوومووچەیی و سێ مووچەیی زۆر ھەیە.

محەمەد ھاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەت بۆ نەھێشتنی دوومووچەی و رێکخستنەوەی مووچەیە، راشی گەیاند کە ئەو سیستەمە شتێکی باشە بۆ ئاشکراکردنی دوومووچەیی و سێ مووچەیی، گوتیشی: “لەبەرئەوەی پەنجەمۆر لە ھەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران وەردەگیرێت، بۆیە دوای ئەوە ھەموو دوو مووچەیی و سێ مووچەییەکان ئاشکرا دەبن، چونکە ھەر فەرمانبەرێک دەتوانێت لە یەک شوێن مووچە وەربگرێت”.

د. محەمە عوزێرە، شارەزای کارگێڕی و دارای رایگەیاند، ئەو دەست لەکار کێشانەوەیەی بەشێک لە فەرمانبەران دەیکەن بۆ دەربازبوون لە دوومووچەیی کارێکە بۆ خۆدزینەوە و سووڕانەوەیە لە یاسا، گوتی: “ئەگەر لە فەرمانگەکان بەبێ مەرج ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە قبووڵ بکرێ و لێکۆڵینەوەی تێدا نەکرێت، ئەوا ئەو کەسانە لە رووبەڕووکردنەوەی دادگا دەربازیان دەبێت”.

ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت جۆرێک چاوپۆشی دەکات لەو جۆرە بابەتانە، بۆ ئەوەی رزگاری بێت لەو جۆرە کەسانە: "لە ھەندێک شوێن دەست لەکارکێشانەوە بەلێشاو بووە، بۆ نموونە لە وەزارەتێک ٦٠ کەس بە شوفێری ئیسعاف دامەزراون، بەڵام ئەو وەزارەتە ئیسعافی نییە، بۆیە دیاردەی دوومووچە و سێ مووچە و بن دیوار زۆرە و ھەندێک بە دەست لەکارکێشانەوە خۆیان رزگار دەکەن”.

بەپێی یاسا، ھەر کەسێک دوو مووچە بە نایاسایی لە حکوومەت وەربگرێت، سزای بەندکردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و دەبێ ئەو پارانەی پێشووش بگەڕێنێتەوە کە وەری گرتووە.ا








باسنيوز
Top