سۆران سێوکانی: باڵێکی ناو یەکگرتوو دڵیان بۆ گۆڕان لێ دەدات

 سۆران سێوکانی: باڵێکی ناو یەکگرتوو دڵیان بۆ گۆڕان لێ دەدات
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، باڵێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، “دڵیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لێ دەدات".

لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی بەرامبەر بە دەست لەکارکێشانەوەی ئازاد جوندیانی لە ئەندامێتیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، پەیامێكی ئاراستەی جوندیانی کردووە و تکای لێ کردووە، “بیر لە سەنگەر گواستنەوە” نەکاتەوە.

لە بەرامبەردا سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕایگەیاند: “یەکگرتوو گیری خواردووە بەدەست ئەبوبەکر هەڵەدنییەوە، چونکە تا ئێستا خۆی یەکلا نەکردووەتەوە، هەوایەکی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی) لەسەر دایە، تا ئێستاش کاریگەریی ئەو کۆمەڵەی بەسەرەوە ماوە و دێت ئەو قسانە دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەکگرتوو کردووە و وای کردووە یەکگرتوو ناوی لەناو خەڵک بزڕێت".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بە یەکگرتووم گوتووە، گۆڕان بە ئاشکرا دەڵێت لەگەل دەوڵەتی کوردستان نیم کە لە خەونی هەموو تاکێکی کوردستان هەیە، فەرزی دەکات بەسەر خەڵکدا، مەعقوولە ئێوە نەتوانن بەرگری لە کوردستان بکەن؟". گوتیشی: "بەداخەوە پرەنسیبی هەندێک کەس بووەتە ئەوەی دژایەتی لایەنێکی دیکە بکات، بۆ نموونە ئێستا ئەگەر سەرکردەیەکی پارتی ببێتە گۆڕان، دەستی ماچ ناکات؟ هانی نادات؟ یان پێیان ناڵێت کارێکی باشی کردووە؟".

سێوکانی باسیشی لەوە کرد: "ئەگەر ئازاد جوندیانی ببووایەتە گۆڕان، ئێستا هەڵەدنی بە شان و باڵیدا نەیدەگوت؟ ئەمانە هەموویان ئاشکران”. دووپاتیشی کردەوە: “ئێستا بەشێک لە یەکگرتوو، دڵیان بۆ گۆڕان لێ دەدات”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنگرانی بزووتنەوەکەوە، هەڵمەتێکی میدیایی چڕ کرایە سەر یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو.






باسنیوز
Top