پەدەکەسە: پەیەدە بەشێکی کادیرانمانی بەبێ دادگاییکردن زیندانی کردووە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) ئاماژە بەوە دەکات: "بەردەوام دەبین لە فشار و دەبێت پەیەدە دەست لە گرتن و ڕاوەدوونانی کادیران هەڵبگرێت".
نووری بریمۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان-سووریا (پەدەکەسە)، ڕایگەیاند: “لەژێر فشاری ئێمەدا، پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئاسایشی ڕۆژئاوا کە لە ژێر فەرمانی پەیەدە دایە، بەشێک لە کادیرانی ئێمەیان ئازاد کردووە و بەشێکیشیان تائێستا بەبێ دادگایی کردن لە زیندانەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا ماونەتەوە”.
بریمۆ جەختی لەوە کردەوە: "فشار لەسەر پەیەدە زیاد دەبێت و بەشێک لە فشارەکان بڕیارە بۆ خۆپیشاندان و نارازی بگوازرێتەوە، بەشێکیش پەیوەندی بەو نارەزاییانەوە هەیە کە ئێمە داومانەتە سەرجەم لایەنەکان و ئەمەریکاش".
ئەمە لە کاتێکدایە دوو ئەندامی "پەدەكەسە" بە ناوەكانی حوسێن سلێمان ئەبو شێرۆ، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندازیار ئەحمەد ئەلوجی، ئەندامی لیژنەی هەرێمی كە ماوەیەك لە لایەن ئاساییشی پەیەدەوە لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەستگیر كرابوون، ئازادكراون.
باسنیوز
