یەکگرتوو لە زۆنی سەوز ترسی لە سووتانی بارەگاکانی ھەیە
قسەکانی ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەدین بەھائەدین، لەبارەی پرسی کۆبوونەوەکانی ٢٣ی حوزەیران و ١٩ ئاب، کاتێک لە کۆڕێکدا گوتی: "بەڕای من ٢٣ی حوزەیران ھەنگاوێکی پەرلەمانی یاسایی بوو، بەڵام خەلەلەکەی لە ڕووی سیاسییەوە بوو”. ھەروەھا لەبارەی کۆبوونەوەی ١٩ی ئابیشەوە گوتی: "١٩ی ئاب، زۆر روونە کە ھەڵەیەکی زۆر شاخدارە، ھەڵەیەکە کە دەزانیت نیساب تەواو نابێت، شتێکیشت ھەیە کە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ دانیشتنێک کراوە، حزبەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکییەکان بڕیارێکیان وەرگرتووە و ھێزە سیاسییەکانیش لەوێ بوون، بڕیار بوو دانیشتنی ١٩ی ئاب دوابخرێت، بە رێککەوتنیش بوو، ھەموو لایەکیش رازی بوون، دوایی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەوێتە سەر ئەو فکرەیە دانیشتنەکە ئەنجام بدات، ئەو بێ متمانەییەی ھەبوو وای کرد نیساب تەواو نەبێت، لەوەش گرنگتر نیساب تەواو نەبێت دانیشتنەکە ھەر ئەنجام بدەیت، ئەمە شەرمی ناوێت ھەڵەیەکە زۆر روونە، ئەمە کەمئەزموونییە لە ئیدارەی کاردا".
ئەو قسانەی ئەمینداری یەکگرتوو بە زوویی نیگەرانیی زۆری لای بزووتنەوەی گۆڕان دروست کرد. بەپێی زانیارییەکانی (باس)، دوای ئەوە سەرکردەکانی گۆڕان ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەکەیان ئاگادار کردوەتەوە کە وەڵامی توندی ئەمینداری یەکگرتوو بدرێتەوە، بەو ھۆیەشەوە میدیای فەرمیی گۆڕان ھێرشی توندی کردووەتە سەر ئەمینداری یەکگرتوو و بە کەسێکی ناساندووە کە بە تۆنی جیاواز قسە دەکات.
ئەمە جیا لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بە مونەزەمی ھێرشێکی زرۆر لەلایەن ھەوادارانی گۆڕانەوە بۆ سەر یەکگرتووی ئیسلامی و ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە، بەرپا کراوە.
ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە زۆنی سەوز بە (باس) دراون، کادیرانی یەکگرتوو ترسیان ھەیە ھێرشی راگەیاندنەکانی گۆڕان کاریگەریی بخاتە سەر ھەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان و بەو ھۆیەوە ھێرش بکرێتە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو.
لەمبارەیەوە لە راپۆرتێکیدا KNN، کەناڵی فەرمیی گۆڕان بڵاوی کردووەتەوە کە: ”سەڵاحەدین بەھادین، دوای ئەوەی لە شارەکانی سلێمانی و ھەولێر دوو کۆڕی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانی ئەو دوو شارەدا رێکخستووە، بە دوو تۆنی جیاواز باسی لە پەکخستنی پەرلەمان و مانەوەی نایاسایی بارزانی کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی پرۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و پشتیوانیی لە پەیڕەوکردنی سیستەمی پەرلەمانی لە ھەرێمی کوردستاندا دەکات“.
ھەر لەو راپۆرتەدا، بە ناوی چاودێرێکی سیاسییەوە ھێرشی توندی کردووەتە سەر سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە لێدوانێکدا بۆ (باس) ڕای گەیاند، ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان ھێرشی توندیان ئاراستەی یەکگرتووی ئیسلامی کردووە، گوتیشی: "مامۆستا سەڵاحەدین، ئاگاداری کردوینەتەوە وەڵامی ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی بزووتنەوەی گۆڕان نەدەینەوە، بۆ ئەوەی یەکگرتوو لە ئاستی ئاشتەوایی نیشتمانیدا بمێنێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، مامۆستا سەڵاحەدین تەنیا لە گۆشەیەکدا ڕەخنەیەکی لە یوسف محەمەد گرتووە، بەڵام یوسف محەمەد، ئاوا کەوتە وەڵامێکی بێ سەروبەر و بێ بنەما، گوتیشی: “ئێمە لەسەر ئەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا قسەمان کردووە و سەرکردەکانی گۆڕان دەڵێن (ئێمە ناڕازین لە قسەکانی یوسف محەمەد)، ئەوە بۆچوونی خۆیەتی و ھەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان نییە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، حزبی سیاسی نابێت تەحەمولی ڕەخنەیەکی سیاسی نەگرێت و یەکسەر دەستەواژەی خیانەت و خۆفرۆش بەکار بھێنێت.
ئەحمەد خان، کادیری راگەیاندکاری یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ئەو ھەڵمەت و تەشھیر و ھێرشەنەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان کرایە سەر یەکگرتوو و ئەمینداری گشتی، لەسەر گوتنی راستییەکی تاڵ و ھەڵەیەکی سیاسیی گەورە لەلایەن سەرۆکی پەلەمان لە پشکی گۆڕان، کە لە ئاستی باڵادا بوون، پێمان دەڵێ ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ھێزی ھەبێت ھێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو و دەیانسووتێنێت. لەکاتێکدا گۆڕان بە ھوتاف و شیعار بەمانە جیاواز بوو، بەڵام دەرکەوت بەرگەی رەخنە ناگرێت.
سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و سەرکردەی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) گوتی: ”لای خۆیان ئەوەی پشتیوانی گۆڕان نەبێت خائینە، بەوەش گۆڕان بەھۆی سیاسییە ھەرزەکارەکانییەوە خۆی گورگانخواردوو دەکات“.
سێوکانی گوتیشی: ” کاتێک ئەمینداری یەکگرتوو حەقیقەتێکی زۆر سادە دەدرکێنێت، سەدان پەیجی گۆڕان بەسەریدا دەڕشێنەوە، دواییش داوا دەکەن حزبەکان پشتیوانیان بن”.
لای خۆشیانەوە حەسەن عەبدوڵا، بەرپرسی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو رووی نەداوە، گوتی: “بڕوا ناکەین لەو حاڵەتە سیاسییە سروشتییەی کە لەنێوان یەکگرتوو و گۆڕاندا دروست بووە ھێرش بکرێتە سەر بارەگاکانمان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تا ئێستا تەقەکەرەکانی پێشتری سەر بارەگاکەیان بۆیان ئاشکرا نەکراوە و فایلەکەیان لەلای ئاسایشی ھەڵەبجەیە، بەڵام ھیچیان پێ رانەگەیاندووین.
جێی باسە، تا ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی گۆڕانەوە وەڵامی قسەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی بەردەوامییان ھەیە.
(باس)
