عارف ڕوشدی وهلامی وته بێژی گۆڕان دهداتهوه
لەبەرامبەر ئەو قسانەی گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەبارەی پەشیمانبوونەوەی پارتی لە پەیامەکەی بارزانی کردوویەتی، عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “پارتی سوورە لەسەر پەیامەکەی بارزانی، ئەویش یەکلاکردنەوەی پرسی هەرسێ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوەی یەکەمی لەگەڵ لایەنەکان کردووە و گەڕی دووەمی گفتوگۆکان ماون کە بڕیارە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببینەوە و دواتریش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستان”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “پارتی وەک دەستپێشخەری بۆ پەیامەکەی بارزانی، بەبێ هیچ مەرجێک، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان دەست پێکرد و بۆچوونی لایەنەکانی وەرگرتووە، دوای دیراسەکردنی لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە، بڕیارە بیروبۆچوونەکان وەک وەڵامێک ببرێتەوە بۆ لایەنەکان".
عارف ڕوشدی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی بەلایەوە گرنگە کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، بۆ ئەمەش بڕیاری داوە کە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدات. گوتیشی: “گرفتەکان هی ئەوە نین بە کۆبوونەوەیەک هەموو چارەسەر بکرێن، بەڵکو دەبێت پرۆژە هەبێت و بۆچوونی لایەنەکان وەربگیرێت و دواتر بخرێتە کارەوە”.
PAYAMNER-
